نه‌وا- سه‌عید عه‌بدوڵڵا-هه‌ولێر
سه‌وسه‌ن محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌رقاڵى به‌دواداچونن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كرێی خوێندنی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان.
سه‌وسه‌ن محه‌مه‌د له پرێس كۆنفرانسێكدا له هه‌ولێر وتى "دوای به‌دواداچونمان له‌سه‌ر پرس و كێشه‌و گرفته‌كانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی، ئه‌مڕۆ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی داراییمان كرد و هه‌فته‌ی رابردوش له وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان بوین، به‌تایبه‌ت له‌و ماوه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێك له زیندانیانی سیاسی یاداشتێكیان ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌مان كردوه و داوای ماف و ئیمتیازاتی خۆیان كردوه".
وتیشی "دوای دانیشتن له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی تێگه‌یشتنی باش هه‌بوو بۆئه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشانه بدۆزینه‌وه، وه‌ڵامه‌كانی وه‌زیری دارایی دڵخۆشكه‌ربون له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌ماهه‌نگی باش له‌نێوان لیژنه‌كه‌مان و وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تى كاروباری شه‌هیدان هه‌یه بۆئه‌وه‌ی بتوانین ته‌واوی ماف و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی دابین بكه‌ین".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، داكۆكی له مافه‌كانی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانیانی سیاسی ده‌كه‌ن به تایبه‌ت ئه‌و خوێندكارانه‌ی له كرێی خوێندن بێبه‌شن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدان، بۆئه‌وه‌ی بزانن چه‌ند خوێندكار له كرێی خوێندن بێبه‌ش بوه و بڕی چه‌ند پاره‌ی پێویسته بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت و كرێی خوێندنیان بۆ دابین بكرێت.