ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی: هەولێر دەتوانێت ئەزمونی رۆژئاواش بپارێزێت

22/10/2019

نەوا
ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: ئێستا لە دنیادا گوێی لە سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان دەگیرێت و هەولێر دەتوانێت ئەزمونی رۆژئاواش بپارێزێت.
ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكوراتی كوردستان سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند: ڕاستە ئەم شەڕە كارەساتبار بووە بەڵام بەوتەی ناوبراو ئەمڕۆ دۆزی كورد لە هەموو دنیا دەنگی داوەتەوە و كورد وەك هاوپەیمان حسابی بۆ دەكرێت، وتوشیەتی با هەموو لایەك بزانن كە توركیا ناتوانێت ئەو بەرنامە چەپەڵەی جێبەجێ بكات كە بۆ رۆژئاوا دایناوە، چونكە بەرگریی قارەمانانەی شەڕڤانان پلانەكەی توركیای پوچەڵ كردوەتەوە و هەموو دونیای هێناوەتە دەنگ.
ئەندامەكەی سەركردایەتیی پارتی دەڵێت: راستە هەڵەی یەپەگە وایكرد كوشتار و ماڵوێرانی جارێكی تر روو لە كورد بكات بەڵام دۆزی كورد لە یەپەگە و پەكەكە جیایە و كوردی رۆژئاوا لەناو ناچێت و دۆزی كورد بۆدواوە ناگەڕێتەوە، بۆیە پلانی ناوچەكە هەرچییەك بێت ناتوانێت كار لە داهاتوی باشوری كوردستان بكات.
ئاراس حەسۆ میرخان راشیگەیاندوە كە نە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا و نە ئاڵۆزییەكانی بەغدا هیچ كامیان نابنە مەترسی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش راكێشاوە كە ئێستا سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە هەموو دنیا گوێی لێدەگیرێت و هەولێر نەك تەنها چارەسەری بۆ هەرێم هەیە، بەڵكو وەك ناوبراو دەڵێت ئەزمونی ڕۆژئاواش دەپارێزێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group