د. شێركۆ جەودەت: حكومەتی هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان تاووتوێی بودجەی 2020 دەكات

22/10/2019

نەوا-كاروان مەحمود 

ئەندامێكی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكانی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەنگاوەكان بۆ شەفافیەت لە داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان و مامەڵەپێوەكردنی بەرەو دواوە رۆیشتوون و دۆخەكەش بەشێوەیەكە پەرلەمان ناتوانێت لێپرسینەوە لەگەڵ حكومەتدا بكات.
د. شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆ نەوا رايگەیاند، هیچ تازەگەرییەك نییە لەكەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستاندا سەبارەت بە شەفافیەت و وردبینی و دڵنیایی و متمانە بەو داتاو زانیاریانەی كە لە بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستاندا تاوەكو مامەڵە پێوەكردن فرۆشتنەوەی هەیە.
وتیشی: "تائێستا هیچ رێككەوتنێك نییە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدایەو تەنها جۆرێك گفتوگۆی دروبەدوور هەیە، سەبارەت بە سندوقی هەرێمی كوردستانیش بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان كە لە ساڵی 2015 یاساكەی دەركراوەو ئەوە 100 رۆژە حكومەت پێكهێنراوەو تائێستا دانەمەزراوە، دەبوو یاسای چاكسازی پەسەندبكرایە كە ئێستا جۆرێك لە بنبەستی بۆ دروستبووە بەوەی كە ئەو لەلایەنانەی كە ژمارەیەكی زۆر مووچە خۆری بندیوارو خانەنشینی نایاساییان هەیە بوونەتە رێگری لەبەردەمی چاكسازی كە زیاتر لە 60 ملیار دینار دەگێڕێتەوە بۆ دارایی گشتی، ئەوەش جگە لە چەندین پرسی چاكسازی دیكە كە پەیوەستە بە شەفافیەت هیچی لەبارەوە نەكراوەو بەڵكو دۆخەكە بەرەو دواوە هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەش پێویستی بە بڕیارێكی بوێر هەیە بۆ چارەسەركردنی".
سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ بانگهێشتكردنی ئەو وەزیرانەی پەیوەستن بە چارەسەرنەكردنی كێشەكان بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان، د. شێركۆ جەودەت ئەندامنی لیژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ نەوا وتی: "دۆخەكە بەجۆرێكە كە پێشتر بانگهێشتی وەزیری دارایی كراوە بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بەڵام تاوەكو ئێستا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی نەدراوە، لەلایەكی دیكەش وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم تائێستا نازانرێت كێیە تەنها پۆستەكە لەلایەن سەرۆكی حكومەت بەوەكالەت بەڕێوە دەبرێت بۆ ئەوەش دۆخەكە بەوجۆرە نییە حكومەت وەڵامدەرەوەی پەرلەمانی كوردستان بێت بەتایبەت كە بودجەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا تاوتوێدەكرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەوەش دوای پێنج ساڵ لە نەبوونی یاسای بودجە كە ئەوەش هەموو داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان بە نایاسایی لە قەڵەمدەدات لەو چەند ساڵەدا چونكە دەبێت داهات و خەرجی بەیاسا رێكبخرێت ئەگەر یەك دۆلارو یەك دیناریش بێت".
راشیگەیاند، ئەوەی دەوترێت لەبەر شەڕی داعش و قەیرانی دارایی یاسای بودجە نەبووە قبوڵكراو نییە تائێستاش وردبینی داهاتی ساڵانی رابردوو نەكراوەو نەنێردراوە بۆ پەرلەمانی كوردستان كە ئەوەش كێشەی زۆری دروستكرد لە رابردوو لەوانەش پاشەكەوتی مووچەو دواكەوتنی مووچەو چەند كێشەیەكی دیكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group