داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و لەسەركارلابردنی حكومەتی عیراق دەكرێت

09/11/2019 عێراق

نەوا
عەمار توعمە سەرۆكی فراكسیۆنی (نەهجی وەتەنی) داوا دەكات پەرلەمانی عیراق هەڵبوەشێنرێتەوە و لەماوەی 30 رۆژیشدا حكومەت لەسەركارلاببرێت، هەروەك یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان تێپەڕێنرێت و كۆمسیۆنی تازەی هەڵبژاردن پێكبهێنرێت.
عەمار توعمە لە پرێس كۆنفرانسێكدا لەبارەگای پەرلەمانی عیراق وتی "داواكارین پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوە، هەروەها لەماوەی 30 رۆژدا حكومەت لەسەركارلاببرێت و لەو ماوەیەشدا گفتوگۆ لەسەر یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان بكرێت بەشێوەیەك، كە لەگەڵ داواكاری خۆپیشاندەراندا بگونجێت".
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە ئەنجومەنی شارەزایان و دانایان پێكبهێنرێت بۆ كاركردن لەسەر دانانی چارەسەری ستراتیژی بۆ قەیرانەكان و سەرپەرشتیكردنی قۆناغی ئینتیقالی.
سەرۆكی فراكسیۆنی (نەهجی وەتەنی) داواش دەكات، كۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەكان لەماوەی ئەو 30 رۆژەدا پێكبهێنرێت و گۆڕانكاری دەستوری لەلایەن پەرلەمانەوە بكرێت، هەروەها داواكاریشن چەك تەنها بەدەستی دەوڵەتەوە بێت و هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەرانیش خوێنی عیراقییەكان بپارێزن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group