پەیەدە: قسەكانی بەشار ئەسەد دەریدەخات وانە لە روداوەكانی سوریا وەرنەگیراوە

12/11/2019

نەوا
پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە) وەڵامی بەشار ئەسەد دەداتەوە و دەڵێت، قسەكانی ئەسەد یەكریزیی سورییەكان لە بەرەنگاربونەوەی داگیركاریی توركیا تێكدەدات، دەریشی دەخات كە وەك پێویست وانە لە روداوەكانی سوریا وەرنەگیراوە.
پەیەدە لە بەیاننامەیەكدا وەڵامی ئەو قسانەی بەشدار ئەسەد سەرۆكی سوریا دەداتەوە كە لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی (روسیا ئەلیەوم) كردبونی و هێرشی كردبوە سەر پەیەدە، دەڵێت "لە سەرەتای ساڵی 2011-وە حزبە كوردییەكان و لە سەروی هەمویانەوە پەیەدە، لە هەمو لایەنەكانی دیكە زیاتر داوای چارەسەری سوری–سوری كردوە و پشتی بە بنەماكانی دیالۆگ و پێكەوەژیانی ئاشتییانە بەستووە، هەمیشە دژی دەستوەردانی دەرەكی بوین".
پەیەدە رەخنەش لە سیاسەتەكانی دیمەشق دەگرێت و دەڵێت "حكومەتی سوریا لەسەر سیاسەتە سەركوتكارییەكەی بەردەوامە و هەمیشە لە چارەسەری سیاسی و دیموكراتی ڕادەكات، بەمەش سوریا دەبێتە گۆڕەپانی جەنگی هێزە تیرۆریستی و نێودەوڵەتییەكان، پێویستیش بوو حكومەتی سوریا میدالیای شەرەف بە هەموو ئەندامانی هێزەكانی سوریای دیموكراتیك (هەسەدە) و هێزە سیاسییەكانی باكوری خۆرهەڵاتی سوریا ببەخشێت، بەرامبەر ئەو پاڵەوانێتیەی كە بەرامبەر بە نەیاران تۆماریانكرد".
پەیەدە پێشی وایە لێدوانەكانی ئەسەد دەریدەخات كە وەك پێویست وانە لە روداوەكانی چەند ساڵی رابردو وەرنەگیراوە.
دوپاتیشیدەكاتەوە "خوێنی كوڕان و كچانی كورد، عەرەب، سریان، ئاشوری و توركمان تێكەڵ بە خاك بوو، بۆ ئەوەی نمونەیەكی نوێی سوریا بهێنێتە ئاراوە، بەڵام ئێستا تەواو پێچەوانەكەی دەبینین و رژێمی سوریا ئەو هێزانە تۆمەتبار دەكات، كە زۆرترین هەستی نیشتیمانی و ئینتیمایان بۆ دیموكراسیەت هەیە".
پەیەدە دەشڵێت "بەشار ئەسەد لە دیدارەكەیدا لەگەڵ (روسیا ئەلیەوم) ئەو گوتارە شۆڤێنیانەی بەكارهێنایەوە، كە سوریای بەمرۆژە گەیاند و خزمەت بە یەكێتیی سوریا و چارەسەری كێشەكان ناكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە و بە تەواوی خزمەتی نەیارانی سوریا دەكات و لە بەرژەوەندیی دەستوەردانی دەركیدایە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group