وردەكاری هەڵوەشاندنەوەی سێ مادەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق رادەگەیەنرێت

12/11/2019

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر
لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەو سكاڵایەیان بردۆتەوە، كە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان تۆماركراوە و تێیدا مافی كورد و پێكهاتەكانی پێشێل دەكرد.
لەوبارەیەوە جوان رۆژبەیانی سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان بۆ رۆژنامەنوسان وتی "لەگەڵ دەرچونی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق ژمارەیەك تێبینیمان لەسەر یاساكە هەبوو، كە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی كوردی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە مافی دەنگدان بێبەش دەبون، بۆیە تانەمان لەو یاسایە دا".
وتیشی "ئەو سێ مادەیەی هەڵوەشاونەتەوە بریتین لە مادەكانی 12 و 16 و 17، كە مادەی 12 باسی فۆرمی خۆراك و ناوی دەنگدەران دەكات، ئەگەر وەك یەك نەبوو ناتوانن دەنگ بدەن. هەروەها مادەی 16 باسی لە ئاوارەكان كردبوو، ئەگەر لەناو پارێزگای خۆیان نەبون، نابێت دەنگ بدەن. مادەی 17ش دەبێت بە ناچاری دەنگ بدرێت، ئەوەش پێچەوانەی دەستورە".
هەروەها رونیكردەوە، دادگا باڵای فیدراڵی عیراق دانیشتنی ئەمڕۆی لەسەر تانەكەی ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردبوو، ئەنجامیش بردنەوەی تانەكە بو، كە تێیدا دادگا بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی مادەكانی 12 و 16 و 17ی یاساكە، لەكۆی 9 دادوەریش 8 دادوەر لە بەرژەوەندی تانەكە دەنگیان دابو.
جوان رۆژبەیانی ئاماژەی بەوەشدا، جێبەجێكردنی ئەو یاسایە بە زیانی ناوچە كوردستانیەكان و بە زیانی كورد دەشكایەوە، چونكە چەند مادە و بڕگەیەكی پێچەوانەی دەستور بون و دەقەكانی دەستور لەگەڵی هاوتەریب نەدەبون، بۆیە تانەیان لێدابو.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group