ئیسرائیل موشەكباران دەكرێت

12/11/2019 جیهان

نەوا
دوای كوشتنی بەها ئەبو عەتا یەكێك لە سەركردە دیارەكانی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، حكومەتی ئیسرائیل باری نائاسایی لە چەند شارێك راگەیاند و پەناگەی بۆ خۆحەشاردان كردەوە، چونكە لە غەززەوە موشەكباران دەكرێن.
لەوبارەیەوە جەنەراڵ كمیڵ ئەبو روكن رێكخەری كاروباری حكومەتی ئیسرائیل بڵاویكردوەتەوە، بەهۆی پێشهاتە ئەمنیەكانەوە لە كەرتی غەززە چەند رێگایەك داخراون و رێوشوێنی ئەمنی گیراوەتەبەر.
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل بڵاویكردوەتەوە، لە شارەكانی ئیسرائیل نزیك كەرتی غەززە دەوامی قوتابخانەكان و جوڵەی شەمەندۆفێر وەستێنراون، هەروەها بارودۆخی نائاسایی بەرزكراوەتەوە و حەشارگەكان كراونەتەوە، چونكە پێشبینی دەكرێت هێزە فەڵەستینییەكان كاردانەوەیان هەبێت.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشداوە، لە كاتژمێرەكانی سەرەتای ئەمڕۆ نزیكەی 50 موشەك گیراوەتە ئیسرائیل و سیستمی بەرگریی موشەكی ناسراو بە "قەڵغانی ئاسنین" رێگری لە تەنها 20یان كردوە.
بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵیش ژمارەیەك موشەك لەناوەڕاستی شەقامەكانی شارەكانی ئیسرائیل نزیك لە كەرتی غەززە كەوتونەتە خوارەوە و زیانی مادی هەبوە، بەڵام تائێستا زیانە گیانییەكان دیارنین، هەروەها بەدرێژیی 60 كیلۆمەتر ناوچەكانی ئیسرائیل لەنزیك كەرتی غەززە ئاگاداركەرەوەكان كەوتونەتەكار و بەردەوام دەنگی مەترسیدار لەناوچەكەدا بیستراوە، كە دەنگی موشەكەكانی فەڵەستین و سیستمی بەرگریی موشەكی ئیسرائیل بوون و هەوڵی رێگریكردنیان دەدا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group