مەزڵوم عەبدی: بەبەڵگەی ڤیدیۆیی لامانە توركیا هانی گەڕانەوەی داعش دەدات

13/11/2019

نەوا
مەزڵوم عەبدی سەركردەی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" دەڵێت، بەڵگەی ڤیدیۆییمان لایە، كە توركیا هانی گەڕانەوەی رێكخراوی داعش دەدات.
مەزڵوم عەبدی لەگفتوگۆیەكدا لەگەڵ ماڵپەڕی سكای نیوز وتی، مەترسی گەڕانەوەی داعش گەورەیە و زۆر جدیە، زۆرینەی خەڵك ئەوە نازانن، بەڵام راستەقینەیە، كارە دوژمنكاریەكانی توركیا مەیدانێكی فراوانی رەخساندوە و هیوای داوە بە ئەندامانی داعش، ئەو شارانەی توركیا چوەتە ناوی دەبنە بنكەی ئەو رێكخراوە تا تێیدا خۆی رێكبخاتەوە.
سەبارەت بە تۆمەتەكانی سەر توركیاش، كە هانی گەڕانەوەی داعش دەدات وتی "بەڵێ‌ ئەو تۆمەتانە جدین و بەڵگەی ڤیدیۆییمان هەیە و زۆر كەس ئەوە دەزانێت، ئەوەش تەنها چەكدارانی داعش ناگرێتەوە، بەڵكو چەكدارانی پێشوی نوسڕە و قاعیدەش دەگرێتەوە، كە لەساڵی 2013 و 2014 شەڕی دژی ئەو رێكخراوانەشمان كرد".
سەبارەت بەو چەكدارانەی داعش لە گرتوخانەكانی هەسەدەدان، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هەسەدە باسی لەوەكردوە، ناتوانن بۆ ماوەیەكی زۆر رایانگرن، چەندینجار داوایان لەدەوڵەتانی ئەوروپا كردوە هاووڵاتیەكانیان وەربگرنەوەو لەخاكی خۆیاندا دادگاییان بكەن یان دادگایەكی نێودەوڵەتی لێرە دابنێن.
هۆشداریشیدا لەوەی داعش هێرشێكی گەورەی وەك ئەوەی "مانچستەر ئارینا"ی بەریتانیا، كە لەساڵی 2017 ئەنجامیداو 22 كەس بونە قوربانی، دوبارەبكاتەوە، وتیشی "ئەوە ئەگەری هەیە و یەكێكە لەو شتانەی لەداهاتودا رودەدات، ئێمە چارەنوسی ئەو بەندكراوانە نازانین چی دەبێت، هەروەها باڵانسی هێز لەناوچەكەدا گۆڕدراوە".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group