به‌رهه‌م ساڵح و نێچیرڤان بارزانی هه‌مواری ده‌ستوریان تاوتوێكرد

13/11/2019

نه‌وا
به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عیراق و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسیان له‌ پرسه‌كانی هه‌مورای ده‌ستوری عیراق و خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا و كۆده‌نگیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كردووه‌.
به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق كه‌ یه‌كێك بوو له‌ به‌شداربوانی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان به‌رهه‌م ساڵح و نێچیرڤان بارزانی، به‌ رۆژنامه‌نوسانی وت "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆك كۆمار باس له‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوری عیراق كرا، ئه‌وه‌ خرایه‌ڕوو كه‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوره‌ به‌ جۆرێك باشتربێت له‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ و خزمه‌تی زیاتری گه‌لانی عیراق بكات".
لای خۆیه‌وه‌ ڤیان سه‌بری سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد، جگه‌ له‌ پرسی هه‌مواری ده‌ستور، خۆپیشاندانه‌كانی ئێستای عیراق و پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی كوردستانی قسه‌یان له‌باره‌وه‌ كراوه‌.
سه‌رۆكی فراكسیۆنی له‌باره‌ی هاوپه‌یمانیی كوردستانی وتی، گرنگه‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عیراق هاوده‌نگ و هاوهه‌ڵوێست بن، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستور.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group