نەوا
سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاند، سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پشتگیریكردن لە حكوومەتی عێراق و ئەنجامدانی چاكسازی لە عێراق و دەربرینی نیگەرانی لەو دۆخە بوو، كە ئێستا هەیە.
فارس عیسا سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رایگەیاندوە: "سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم دۆخەی ئێستادا زۆر گرنگ بوو، چونكە هەرێمی كوردستان نیگەرانە لەو دۆخە نالەبارەی عێراق و بۆ حكوومەت و لایەنەكانی دیار كرد كە خەڵكی كوردستان لەگەڵ ئەواندایە و دەیەوێت عێراق سەقامگیر و ئارام بێت، بۆیە پشتگیریی خۆی بۆ حكوومەتی عێراق دووپات كردەوە."
عیسا باسی لەوەش كرد: "سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای كرد حكوومەتی ئێستا بەردەوام بێت و چاكسازی بكات و پێویستە چاكسازی بكرێت."
سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا وتیشی: "هەم حكوومەت و هەمیش لایەنەكان داوایان لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد، دەستپێشخەرییەك بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و چارەسەركردنی دۆخی ئێستا بكات، سەرۆكی هەرێمیش ئامادەییی نیشان داوە، كە بۆ سەقامگیریی عێراق و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پشتگیری لە هەموو هەوڵێك دەكەن."