نه‌وا
مانگرتوانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر له به‌غدا ره‌خنه له به‌رده‌وامبونی به‌كارهێنانی هێز ده‌گرن به‌رانبه‌ر به خۆپیشانده‌ران، حكومه‌تیش به كه‌مته‌رخه‌م له پاراستنی خۆپیشانده‌ران ده‌زانن و ده‌ڵێن "ده‌سه‌ڵات له ترساندنی خه‌ڵكه‌وه په‌ڕیوه‌ته‌وه بۆ خوێنڕشتن".
مانگرتوانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر به‌یاننامه‌یه‌كیان له‌باره‌ی روداوه‌كانی دوێنێ (هه‌ینی) بڵاوكرده‌وه و تێیدا ده‌ڵێن "ده‌سه‌ڵات له قۆناغی ترساندنی خه‌ڵك به بۆمبی ده‌نگی په‌ڕیونه‌ته‌وه بۆ رشتنی خوێن له‌ناو گۆڕه‌پانه‌كانی خۆپیشاندان و مانگرتنی ئاشتیانه".
مانگرتوه‌كانی به‌غدای پایته‌ختی عیراق راشیانگه‌یاندوه، دوای هه‌ر وتارێكی مه‌رجه‌عی باڵای ئایینی، كه داوای به‌كارنه‌هێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشانده‌ران ده‌كات، سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران به به‌كارهێنانی گوللـه و بۆمبه جیاوازه‌كان به‌رده‌وامیی هه‌یه، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌سه‌ڵات زوو وه‌ڵامی دوا په‌یامی مه‌رجه‌عی باڵای دایه‌وه و به گوللـه هێرشیكرده‌سه‌ر خۆپیشانده‌رانی گۆڕه‌پانی (ئه‌لخلانی)، كه به‌هۆیه‌وه چوار خۆپیشانده‌ر كوژران و ده‌یانی دیكه‌ش برینداربون، دواتریش له گۆڕه‌پانی ته‌حریر به بۆمبی چێنراو و ده‌نگی هێرشكرایه‌سه‌ر خۆپیشانده‌ران و به‌و هۆیه‌وه خۆپیشانده‌رێك كوژرا و نزیكه‌ی 28ی دیكه برینداربون.
مانگرتوانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر حكومه‌تیش به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، كه مه‌یلی پاراستنی خۆپیشاندانه‌كانی نییه و له پاراستنی گۆڕه‌پانه‌كه و ده‌وروبه‌ریدا كه‌مته‌رخه‌مه، ته‌قینه‌وه‌كانی دوێنێش به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستیه‌یه.
هه‌ر له به‌یاننامه‌كه‌دا داوا ده‌كرێت هاووڵاتیان سه‌عات 7ی ئه‌م ئێواره‌یه بچنه گۆڕه‌پانی ته‌حریر و ده‌قیقه‌یه‌ك بۆ گیانی شه‌هیدانی دوێنێ بوه‌ستن.