بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی: ئەمساڵ ژمارەی قوربانیانی هاتوچۆ كەمبۆتەوە

17/11/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
لە رۆژی جیهانی قوربانیانی هاتوچۆ لەشاری سلێمانی، چەند چالاكییەك بە بەشداری چین و توێژە جیاوازەكان بەڕێوەچون، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێت "ساڵی رابردو 250 هاووڵاتی بە روداوەكانی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە".
لەمیانی بەڕێوەچونی چالاكییەكاندا، عەمید فەرەیدون عومەر لەلێدوانێكدا بۆ رادیۆ نەوا وتی "رێكخراوی تەندروستی جیهانی ساڵی پار رایگەیاند لەسەرئاستی جیهان ملیۆنێك و 350 هەزار كەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، هەموو ساڵێكیش 40 بۆ 50 ملیۆن كەس برینداردەبن و لەناویشیاندا ملیۆنان كەس دەبنە پەككەوتەی هەمیشەیی".
وتیشی "ساڵی پار لە سنوری پارێزگای سلێمانی 250 كەس بە روداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، لە هەوڵی ئەوەداین ئەو ژمارانەی قوربانیان كەمتر بكەینەوە، شەش مانگی ئەمساڵ لەچاو شەش مانگی ساڵی رابردو ئامارەكان خۆشبەختانە كەمیان كردوە".
بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، سەرەڕای ئەوەی تێبینییان كردوەو رێگاوبانی باش و خراپیش هەیە، بەڵام بەپلەی یەكەم شۆفێرەكان هۆكاری سەرەكی روداوەكانی هاتوچۆن، ناو شاری سلێمانی قەڕەباڵغیەكی زۆری تێدایەو ئۆتۆمبێلێكی زۆر دێتە ناوشار و رێگاكانیش وەك خۆیانن، بەگۆڕینی ئاراستەی شەقامەكان چارەسەری گرفتەكانی هاتوچۆ ناكرێت چارەسەر بۆ ناوشار تەنها پێویستی بە دروستكردنی كۆمەڵێك ئەندەرپاس و فراوانكردنی تۆڕی رێگاوبانەكان هەیە.
سەبارەت بە دروستنەكردنی ئەندەرپاس و ئۆفەرپاسیش بۆ ناوشار، رونیكردەوە، دەتوانن لەو لێپرسراوانە بپرسن، كە بەرپرسن لەو كارانە.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group