دانیشتنی یەكەمی دادگای سلێمانی لەسەر دۆسێی سێوان قادر و منداڵەكانی بەڕێوەچو

17/11/2019

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی
ئەمڕۆ 17-11-2019 یەكەم دانیشتنی دادگا لەسەر دۆسێی سوتان و گیانلەدەستدانی سێوان قادر و منداڵەكانی لە دادگای تاوانەكانی سلێمانی بەڕێوەچو، پاش دوو كاتژمێر لە وەرگرتنی وتەی كەسوكارەكەی، دادگاییكردنەكە بۆ كاتێكی دیكە دواخرا، خانەوادەی قوربانییەكانیش سوپاسی دادگایان كرد لەپای ئەوەی بێ لایەنانە وتەكانیانی لێ وەرگرتن. 

 لەبارەی دانیشتنەكەوە، كۆساڵان حەمەموراد پارێزەری دۆسێی سێوان قادر و منداڵەكانی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، دادگا كاتێكی زۆری بۆ تەرخانكردن و گوێی لێگرتن، بۆیە لەو بڕوایەدان پەیامی داواكارانی كەسی بەشێوەیەكی تەواو گەیشتوە و دادگایكردنەكە بەشێوەیەكی یاسایی بەڕێوەچوە.

وتیشی "هەرچەندە دانیشتنێكی تری دادگا ماوە بۆ بڕیاری كۆتایی، بەڵام لەئێستادا دادگا كاتێكی تری داناوە بۆ دادگایكردنەكە و پێدەچێت دوو هەفتەی دیكە بخایەنێت".


لەلایەن خۆیەوە شوان قادر برای سێوان قادر وتی "سوپاسی دادگا دەكەین و دادوەر بەبێ لایانانە وتەكانی لێوەرگرتین، بۆ یەكەمجارە هەستدەكەم دادگا سەروەر دەبێت، هیوادارین بۆ دانیشتنەكانی تر دادوەر هەمان شێوازی ئێستا بەكاربهێنێت".
باوكی سێوان قادریش داواكاری كەسوكاری كچەكەی راگەیاند و وتی "تەنها داواكاریمان سزای لە سێدارەدانە بۆ تۆمەتبارەكە و بە كەمتر لەو سزایە رازی نابین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group