چەمچەماڵ..سێ‌ كەس بەتۆمەتی كوشتن دەستگیركران

17/11/2019

نەوا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، لە قەزای چەمچەماڵ سێ‌ كەس بەتۆمەتی كوشتن دەستگیركراون، كە یەكەمیان كەسێكی كوشتوە و دوانەكەی تریشیان تۆەمتبارن بەكوشتنی دوو كەس.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەبڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، شەوی رابردوو بەهۆی دروستبونی دەمەبۆڵە لەنێوان دوو گەنجدا لەنێو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ، هاووڵاتییەكی لەدایكبووی ساڵی 1988 دوای برینداربونی بەچەقۆ گیانی لەدەستداوە.
دوای گەیشتنی مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان، كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی روداوەكە كرا و تۆمەتبارێكی لەدایكبوی ساڵی 1997 بەفەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراوە، لەلایەن بەشی پۆلیسی چەمچەماڵیشەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ روداوەكە كراوەتەوە.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رونیشیكردوەتەوە دوو تۆمەتباری دیكە، كە پێشتر لەسەر دۆسیەی كوشتنی دوو هاووڵاتی فەرمانی گرتنیان هەبوە، بەفەرمانی دادوەر و بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group