نەتەوە یەكگرتوەكان: بارودۆخی مرۆیی لە سوریا كارەساتە

21/11/2019 جیهان

نەوا
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان هۆشداری دەدات لە بارودۆخی خراپی مرۆیی لەسەرانسەری سوریادا و بە كارەساتبار وەسفی دەكات، داواش لە لایەنەكانی شەڕدەكات پابەندبن بەیاسا نێودەوڵەتییەكانەوە.
لەوبارەیەوە ستیڤان دوگریك وتەبێژ بەناوی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە لە پرێس كۆنفرانسێكدا وتی "زیاتر لە 11 ملیۆن هاووڵاتی سوری و 6 ملیۆن ئاوارەی وڵاتەكە پێویستییان بە هاوكاری هەیە".
وتیشی "هەست بە نیگەرانی دەكەین سەبارەت بە شێوەی پاراستنی گیانی نزیكەی سێ ملیۆن كەس لە ئیدلب و ناوچەكانی دەوروبەری لە باكوری خۆرئاوای سوریا، كە لەناویشیاندا ملیۆنێك و 600 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی هەن".
وتەبێژەكەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان باس لەوەدەكات، لە كۆتایی مانگی ئۆكتۆبەرەوە بۆردومانە ئاسمانییەكان و زەمینیەكان بۆسەر دەیان كۆمەڵگەی نیشتەجێبون لە ئیدلب، حەما، حەلەب و لازقیە زیادی كردوە و شەڕەكان زیاتر لە هەزار قوربانی لێكەوتوەتەوە لەناویاندا سەدان منداڵا هەیە.
نەتەوە یەكگرتوەكان داواش دەكات پابەندبن بە پاراستنی مەدەنیەكان و ژێرخانی شارەكان، ئەوەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەكان و یاساكانی مافی مرۆڤ پیادە بكەن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group