پۆلیسی هەولێر هۆكاری گیانلەدەستدانی مامۆستایەكی ئایینی روندەكاتەوە

22/11/2019

نەوا
ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رونكردنەوەیەكی لەسەر گیانلەدەستدانی مامۆستا یوسف ئەحمەد شێخ بزێنی ئیمام و وتاربێژی مزگەوتی حاجی عاسی لە شاری كەركوك بڵاوكردەوە، كە رۆژی پێنج شەممە لە شاری هەولێر تەرمەكەی دۆزرایەوە.
لەو رونكردنەوەیەدا پۆلیسی هەولێر رایگەیاندوە،"دوای ئاگاداركردنەوەمان لەلایەن پاسەوانانی شوقەكانی زانیاری بە بونی تەرمێك لە شوقەكەیان دەستبەجێ تیمی لێكۆڵینەوەی بنكەی پۆلیسی خانەقا لەگەل تیمی بەلگەو تاوان گەیشتنە شوێنی روداو دواتر تەرمەكە رەوانەی پزیشكی داد كرا و دوای پشكنین و توێكاری كردنی تەرمەكە دەركەوت كەوا، كەسێكە بەناوی (یوسف ئەحمەد محەمەد) لەدایكبوی 1978 خەڵكی كەركوكە".
ئاماژە بەوەشكراوە،"بەگوێرەی راپۆرتی پزیشكی دادی دەردەكەوێت كەوا هیچ شوێنەوارێكی گولە و لێدان یان هەر هۆكارێكی تر بە جەستەوەیەوە دیار نەبوە و گیان لەدەستدانەكەشی تەنها كەوتنە خوارەوە لە شوێنێكی بەرزەوە بوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە و لەهەر پێشهاتێكی لێكۆلینەوەكان رونكردنەوە دەخەینەرو".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group