لەبارەی بڕینی دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەران رونكردنەوە دەدرێت

22/11/2019

نەوا
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕونكردنەوە دەدات لەبارەی بڕینی بەشێك لەدەرماڵەی فەرمانبەران بە پاساوی چاكسازیی لە هەرێمی كوردستان.
عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نویسیویەتی "لەم ڕۆژانەدا پرسیاری زۆر كراوە لەسەر بڕینی دەرماڵەی 150 هەزاری مامۆستایان و چەندین جۆری دیكەی دەرماڵە، تەنانەت باس لە دەرماڵەی خواردن و دەرماڵەی مەترسی هێزە ئەمنیەكانیش دەكرێت".
دەشڵێت "دڵنیابن وەك نوێنەرو پارێزەرتان جگە لەوەی بەرگری لەمافەكانتان دەكەین بەدواداچونی تەواومان كردووە هەم لە ئەنجومەنی وەزیران هەم لە وەزارەتی دارایی نە بڕیارێك هەیە نە كۆبونەوەیەك كراوە نە خاڵێك جێگیركراوە باس لە بڕینی هیچ جۆرە دەرماڵەیەك بكات".
جەختیشی كردۆتەوە، كە ئەوەی هەیە تەنیا وتراوە دەرماڵە ڕێكبخرێتەوە، بەهیچ شێوەیەك نابێت ئەمە بۆ 150 هەزاری مامۆستا یان دەرماڵەیەكی یاسایی فەرمانبەربێت، راشیگەیاندووە: ڕێگا نادەین مافی مامۆستایان و فەرمانبەران پێشێلبكرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group