نوێنەرانی 70 لایەنی سیاسی چواربەشی كوردستان سەردانی هەولێر دەكەن

22/11/2019

نەوا
ئیمام تاشچیئەر پەرلەمانتاری پێشووی ئامەد و یەكێك لە ئەندامانی كۆمیتەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی ڕایگەیاند، لە ماوەیەكی نزیكدا 70 نوێنەری پارتە سیاسیەكان و رێكخستنە كوردیەكان بە ئامانجی یەكێتی نەتەوەیی سەردانی هەولێر دەكەن. 
 تاشچیئەر بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا قسەی كرد و ئاماژەی بە هەوڵەكانی یەكێتی نەتەوەیی كرد و وتی، "ساڵی 2013 بۆ یەكێتی نەتەوەیی كاتێكی زۆر گونجاو بوو، بەڵام بە باشی هەڵسەنگاندنی بۆ نەكرا، ئەگەر ئەو كاتە كۆنگرەی نەتەوەی پێكبهێنرایا، ئێستا قەدەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم شیوەیە نەدەبوو".
 تاشچیئەر ئەوەی خستەڕوو، "ئەگەر یەكێتی نەتەوەیی دروستبكرایا، داعش نەیدەتوانی هێرش بكاتە سەر گەلی كورد، داعش سوودی لەو پارچەبوونە وەرگرت و پێویستە هۆكاری هێرشكردنە سەر كوردان باش هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت و پێویستە ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین". 
لە بەردەوامی قسەكانیدا تاشچیئەر وتی، "ئەوان ماوەیەك لەمەوبەر سەردانی باشووری كوردستانیان كرد و لەبارەی یەكێتی نەتەوەیەوە لەگەڵ لایەنەكان گفتوگۆیان كردووە. لە ماوەیەكی نزیكدا لە چوار پارچەی كوردستان نوێنەری 70 پارتی سیاسی و رێكخستنە كوردیەكان سەردانی هەولێر دەكەن و لەبارەی یەكێتی نەتەوەیی ڕاوێژ دەكەن و هەوڵی بۆ دەدەن."


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group