ویستی ماڵەكەی لە دز بپارێزێت، بەڵام خۆی پێوەبو!

02/12/2019 هەمەڕەنگ

نەوا
پیاوێكی ئەمریكی دوای ئەوەی دەیەوێت ماڵەكەی لە دز بپارێزێت و رێگە لەچونەناوەوەی هەر كەسێك بگرێت بەبێ‌ ئاگاداری خۆی، بەڵام بوو بە تەڵەكەی خۆیەوە و گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەكانی هەواڵی ئەمریكی بڵاویانكردوەتەوە، پیاوێكی تەمەن 65 ساڵ بەناوی (رۆناڵدۆ سیر) كە لە شارۆچكەی ڤان بۆرین لە ویلایەتی "مەین" دادەنیشێت، بە گوللە پێكراوەو دوای ئەوەی گەیەنراوەتە نەخۆشخانە سەرەڕای هەوڵی دكتۆرەكان بۆ رزگاركردنی، بەڵام گیانی لەدەستداوە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكان روداوەكە لەناو ماڵەكەی خۆیدا رویداوە و پاش پشكنینی پۆلیس دەركەوتوە پیاوەكە بۆ رێگریكردن لە دزیكردن لێی سیستمێكی چەكی ئۆتۆماتیكی لە ماڵەكەیدا جێگیركردوە، كە لەكاتی دەرگا كردنەوەدا تەقە دەكات، بەڵام لەكاتی تاقیكردنەوەی سیستمەكەبدا خۆی پێوە بووە.
پۆلیسی ناوچەكە ئاماژەیان بەوەداوە، لەكاتی پشكنینی ماڵەكەیدا دەركەوتوە رۆناڵدۆ چەندین چەكی بەهەمان شێوە جێگیركردوە، بەهۆی ئەوەشەوە ناچاربون پەنا بۆ شارەزایان ببەن بۆ هەڵوەشاندنەوەیان.
جێی باسە، سیستمی ئاگاداركردنەوەی پاڵپشت بە چەك لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە نایاسایی دادەنرێت، دەزگاكانی راگەیاندنی ئەو وڵاتەش باسیان لەوەكردوە لەساڵانی رابردودا چەندین روداوی دیكەی لەو شێوەیە رویانداوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group