وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانییه‌ یه‌په‌گه‌ به‌ تیرۆریست بناسرێت

3 رۆژ پێش ئێستا جیهان

نه‌وا
مارك ئیسپه‌ر وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نییه‌ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) به‌ رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسرێت. ده‌شڵێت "هه‌موو كه‌سێك ئاماده‌نییه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌جێندای توركیا بجوڵێته‌وه‌.
بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ له‌ له‌نده‌ن كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ی هاوپه‌یمانیی باكوری ئه‌تڵه‌سی ناسراو به‌ (ناتۆ) ده‌ستپێبكات، توركیا به‌نیازه‌ له‌و لوتكه‌یه‌دا داوا له‌ ئه‌ندامانی ناتۆ بكات یه‌په‌گه‌ به‌ رێكخراوی تیرۆریستی بناسێنن.
به‌ڵام له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، مارك ئیسپه‌ر وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا ئاشكرایكرد، پشتگیریی ناساندنی یه‌په‌گه‌ به‌ رێكخراوێكی تیرۆریستی ناكات.
ئیسپه‌ر رایگه‌یاندوه‌، په‌یامیان بۆ توركیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ندامانی ناتۆ پێویستیان به‌وه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ پلانه‌كانی ناتۆ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕۆن، ناكرێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای نیگه‌رانییه‌ تایبه‌ته‌كانی توركیا بوه‌ستێندرێت.
وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا دوپاتیكرده‌وه‌، هه‌موو كه‌سێك ئاماده‌نییه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌جێندای توركیا بجوڵێته‌وه‌ و ده‌ڵێت "یه‌كڕیزیی هاوپه‌یمانان و ئاماده‌ییان واتای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ تیشك بخاته‌ سه‌ر بابه‌ته‌ گه‌وره‌كان".
لێدوانه‌كانی ئیسپه‌ر له‌كاتێكدان، توركیا پشتگیریی بۆ پلانی به‌رگریی ناتۆ تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ی به‌ڵتیك و پۆڵه‌ندا له‌به‌رده‌م هه‌ژمونی روسیا، به‌ستۆته‌وه‌ به‌ پشتگیریی ناتۆ بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group