حكومەتی هەرێم بە فەرمی گەیشتنە رێككەوتنی نەوت بەرانبەر بودجە لەگەڵ عیراق راگەیاند

03/12/2019

نەوا
حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەبارەی بودجە لەگەڵ حكومەتی عیراق گەیشتونەتە رێككەوتنی كۆتایی و هیوادارن وەك خۆی جێبەجێبكرێت. 
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەمە 3-12-2019 مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ شاندی حكومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە پرسی بودجەی 2020 كۆبۆوە.
لەكۆبونەوەكەدا، سەرۆك و ئەندامانی شاندەكە، وردەكاری ئەو رێككەوتنەیان خستەڕو، كە لە ژێر رێنمایی و بە چاودێری سەرۆكی حكومەت لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی عیراق لەبارەی بودجەوە ئەنجامدراوە. شاندەكە ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق گەیشتوەتە دەرئەنجامی كۆتایی لە سەر پڕۆژەی بودجەی 2020. ئەوەش یەكەمجارە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی سەرەتایی ئامادەكردنی رەشنوسی بودجەی فیدراڵدا بەشداربێت.
هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان هیوادارە رێككەوتنەكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت و داواش لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان و فراكسیۆنەكانی دیكە لە پەرلەمانی عیراق دەكات، لە قۆناغی داهاتودا، كە پڕۆژەی بودجە دەچێتە پەرلەمان، هاوكار و پشتیوان بن لە چەسپاندن و پاراستنی ماف و شایستە داراییە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group