نیویۆرك تایمز: ئێران موشەكی بالیستی لە عیراقدا حەشارداوە

05/12/2019 عێراق

نەوا
میدیای ئەمریكا لەزاری سەرچاوە سەربازی و هەواڵگریەكانی وڵاتەكەیانەوە بڵاویانكردوەتەوە، حكومەتی ئێران ژمارەیەك موشەكی بالیستی كورت مەودای بەشێوەیەكی نهێنی بردوەتە خاكی عیراقەوە.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردوەتەوە، ئێران ژمارەیەك موشەكی بالیستی كورت مەودای بردوەتە كۆگاكانیەوە لە خاكی عیراقدا، كە دەكەونە ناوچە سنورییەكانی نێوان هەردوو وڵات و لەلایەن چەكدارانی شیعەوە ئەو كۆگایانە دەپارێزرێن.
بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریكا پێیانوایە ئەو موشەكانە مەترسی لەسەر هاوپەیمانەكانیان لەناوچەكەدا دروستدەكات لەوانەش ئیسرائیل و سعودیە، هەروەها هەڕەشەن لەسەر هێزەكانی ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی لەناوچەكەدا.
لای خۆیشیەوە تۆڕی هەواڵی CNN بڵاویكردوەتەوە، سوپا و هەواڵگریی ئەمریكا، جوڵەو گواستنەوەی ئەو موشەكانەیان بۆ عیراق تۆماركردوە، ترسی ئەوەشیان هەیە چەكدارە شیعەكانی عیراق كە نزیكن لە تارانەوە، دژی سوپای ئەمریكا بەكاریبهێنن.
رونیشكراوەتەوە، ئەو گروپە چەكداریانە لە مانگی رابردودا هێرشەكانیان بۆسەر پێگەكانی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق زیاد كردوە و ئەو موشەكانەشی بەكاریدەهێنن لەوانەی پێشوو گەورەترن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group