ئەگەرێكی هێرشی سەر شوێنی نیشتەجێبونی موقتەدا سەدر ئاشكرادەكرێت

08/12/2019 عێراق

نەوا
بورهانەدین ئیبراهیم راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق دەڵێت "بە دووری نازانم ئەو هێرشەی كرایەسەر كۆمەڵگەی نیشتەجێبونی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە نەجەف، كاردانەوەی پاش سزاكانی ئەمریكا بێت".
ئەو ڕاوێژكارەی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە گفتوگۆیەكی دەنگی ئەمریكادا ئاماژەی بەوەكردوە، كە كەمتەرخەمییەكی زۆری هێزەكانی ئاسایش و دەسەڵاتدارانی عیراق هەیە، چونكە ڕێگەیان داوە بە چەكداری نەناسراو و بە میلیشیاكانیش بۆ لێدانی ئەو خۆپیشاندەرانەی بە ئاشتیانە ناڕەزایی خۆیان لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە دەردەبڕن.
بورهانەدین ئیبراهیم لەو چوارچێوەیەدا دەڵێت "دوابەدوای ڕووداوەكانی ڕۆژی هەینی، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی بە پەلەی كردووە و بەرپرسە باڵاكانی ئاسایش و بەرگری بانگهێشت كردووە بۆ دوو مەبەست؛ یەكەمیان لێپێچینەوە كردن و دووهەمیشیان ڕاوێژكردن".
دەشڵێت، لەگەڵ ئەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەئێستادا كاربەڕێكەرە، بەڵام هێشتا دەسەڵاتی هەیە و هێشتا هەر بەرپرسیارە.
سەبارەت بە ڕووداوی هێرشكردنە سەر ماڵی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدریش لە ناوچەی حەنانەی شاری نەجەف، بورهاندەین ئیبراهیم ڕاوێژكاری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت ئەو هێرشە هیچ مانایەكی نییە بێ لە مایەپووچی سیاسی و هەوڵی هەندێك لایەن بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆیی و ڕشتنی خوێنی خەڵكی بێتاوان.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group