ئه‌نفلۆنزای به‌راز له‌ ئێران بڵاوبۆته‌وه‌ و مه‌ترسیی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش هه‌یه‌

09/12/2019 جیهان

نه‌وا
له‌ ئێران ئه‌نفلۆنزای به‌راز بڵاوبۆته‌وه‌ و زیاتر له‌ 80 كه‌س به‌وهۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، مه‌ترسیی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش دروستكردووه‌.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكرده‌وه‌، ئه‌نفلۆنزای به‌راز له‌ وڵاته‌كه‌ بڵاوبۆته‌وه‌ و نزیكه‌ی 8 هه‌زار هاووڵاتی كه‌ گومانی توشبوونیان به‌ ئه‌نفلۆنزاكه‌ لێده‌كرێت، له‌ نه‌خۆشخانه‌كان چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن، 81 كه‌سیش به‌وهۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزاكه‌ له‌ ئێران، مه‌ترسیی گواستنه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئارادایه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ محه‌مه‌د قادر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێم له‌ لێدوانێكی میدیاییدا رایگه‌یاندووه‌، بۆ رێگریكردن له‌ گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ رێنمایی پێویستیان پێدراوه‌ و ئه‌وانیش گشتاندنیان بۆ سه‌رجه‌م نه‌خۆشخانه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كان كردوه‌.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی هه‌رێم وتیشی، بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ ئێران، مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێران هاوسنوری هه‌رێمه‌ و سه‌رجه‌م نه‌خۆشخانه‌كانیشیان ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری بونی هه‌ر حاڵه‌تێك ئاگاداریان بكه‌نه‌وه‌.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دوپاتیكرده‌وه‌، كه‌ ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی توشبون به‌ ئه‌نفلۆنزای به‌راز له‌ هه‌رێم تۆمارنه‌كراوه‌.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group