وەزیری بەرگریی ئەمریكا: هاوئاهەنگییەكی بەهێزمان لەگەڵ شەڕڤانە كوردەكاندا هەیە

12/12/2019

نەوا
مارك ئیسپەر وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند، هێزەكانی وڵاتەكەی لە سوریا هاوئاهەنگی بەهێزیان لەگەڵ شەڕڤانە كوردەكاندا هەیە و بەردەوامیی ئەركەكانیان لە سوریا گرەنتی بەزاندنی كۆتایی رێكخراوی داعشە.
ئیسپەر لەدانیشتنێكی گوێگرتن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دەربارەی بارودۆخی ئەمنیی سوریا و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست وتی "ستراتیژی ئەمریكا لەو ناوچانەدا ئەوەیە نەبنە پەناگەیەكی ئارام بۆ تیرۆریستان و هیچ هێزێكی دژی ئەمریكا كۆنترۆڵی ئەو ناوچانە نەكات".
هەروەها جەختیكردەوە، ئەمریكا لەپاڵ هێزە هاوپەیمانەكانی لە سوریا و عیراق سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە بۆ روخاندنی خەلافەتی داعش و پرۆسە سەركەوتوەكان بونەهۆی لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادی دامەزرێنەری رێكخراوەكە، هەروەها وەزارەتی بەرگری پابەندە بە كاركردنی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی بۆئەوەی گرەنتی ئەوە بكەن داعش توانای دوبارە هەستانەوەی نەبێت.
وەزیری بەرگریی ئەمریكا باسی لەوەشكردوە، هێزەكانی وڵاتەكەی تائێستا لە سوریادان و هاوئاهەنگی باڵا لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات  "هەسەدە"دا هەیە، سەرەڕای ئەوەی دەستوەردانی توركیا ئەو بابەتەی ئاڵۆز كرد، بەڵام پێنتاگۆن دڵنیایە لەوەی دەتوانن لە ئەركەكانیان بەردەوام بن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group