نەتەوەیەكگرتوەكان كوشتن و هەڵواسینی گەنجێك لە بەغدا سەركۆنە دەكات

13/12/2019 عێراق

نەوا
نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراق كوشتن و هەڵواسینی تەرمیكی لە گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا شەرمەزار كرد و داوای كرد ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بدرێنە دادگا.
لە بەیاننامەیەكی نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراقدا هاتووە، بەتوندترین شێوە كوشتن و هەڵواسینی گەنجێك لە گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا سەركۆنە دەكەین و بە كردەوەیەكی ناپەسەند و قەبوڵنەكراوی دەزانین.
باسی لەوەشكردووە، ناكرێت تاكەكان بە دەستی خۆیان یاسا جێبەجێ بكەن و پێویستە هەر گومانلێكراو و تۆمەتبارێك بە ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران رادەستی لایەنە فەرمیەكان بكرێت بە بێ ئەوەی رووبەڕووی ئەشكەنجە و كردەوەی تاوانكاری بكرێت.
نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتوەكان داواشی لە حكومەتی عێراق كردووە، سەرجەم ئەو كەسانە دەستگیر و راپێچی بەردەم دادگا بكات، كە دەستیان لە كوشتن و هەڵواسینی گەنجەكەی گۆڕەپانی وەسبەدا هەبووە.
رۆژی پێنج شەممە وێنەی گەنجێك بە هەڵواسراوی لە گۆڕەپانی وەسبەی بەغدا بڵاوكرایەوە، كە بە وتەی بەشێك لە خۆپیشاندەران تەقەی لە خۆپیشاندەران كردووە، لەبەرامبەردا لایەنە ئەمنیەكان باسیان لەوەكردووە ئەو گەنجە تەنها تەقەی بە ئاسماندا كردووە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group