بەتۆمەتی "كوشتن" بڕیاری دەستگیركردن بۆ 17 خۆپیشاندەری میسان دەرچو

14/12/2019 عێراق

نەوا
دادگای لێكۆڵینەوەی ناوەندیی بەغدا فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 17 خۆپیشاندەری میسان دەركرد، كە تۆمەتبارن بە كوشتنی وسام عەلیاوی بەرپرسی بارەگای عەسائیب ئەهلی حەق و برایەكی لە عەمارە.
لە رۆژی 25/10دا لەمیانی خۆپیشاندانەكانی پارێزگای میسان، شەڕ لەنێوان خۆپیشاندەران و پاسەوانانی بارەگایەكی عەسائیب ئەهلی حەق لە شاری عەمارەی ناوەندی پارێزگای میسان  دروستبوو، 9 خۆپیشاندەر كوژران و نزیكەی 100ی دیكە برینداربون، هەروەها لەلایەن چەند كەسێكەوە  هەریەكە لە وسام عەلیاوی بەرپرسی بارەگای عەسائیب ئەهلی حەق لە عەمارە و برایەكی كوژران، كە سەر بە حەشدی شەعبی بوون.
لەو بارەیەوە دادگای لێكۆڵینەوەی ناوەندیی بەغدا، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 17 خۆپیشاندەر دەركرد، كە تۆمەتباری كردوون بە كوشتنی ئەو سەركردەیەی حەشدی شەعبی و براكەی.
لە بڕٍیارەكەی دادگادا بۆ دەستگیركردنی ئەو 17 خۆپیشاندەرە، پشت بە (ماددەی 406 بڕگەی ئەلف) لە یاسای سزادان بەستراوە، كە تاوانبار بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان سزا دەدات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group