ئەنفلۆنزای بەراز چواردەوری عیراق دەگرێت

14/12/2019 جیهان

نەوا
سەعد جابر وەزیری تەندروستیی ئوردن رایگەیاند، حاڵەتەكانی توشبون بە ڤایرۆسی H1N1 ناسراو بە پەتای ئەنفلۆنزای بەراز بۆ 90 حاڵەت بەرزبوەتەوە.
پاش راگەیاندنی بڵاوبونەوەی ئەنفلۆنزای بەراز لە ئێران، لە ئوردنیش نەخۆشییەكە سەریهەڵداوە و لەو چوارچێوەیەدا سەعد جابر وەزیری تەندروستیی وڵاتەكە وتویەتی "نەخۆشەكان ژمارەیان گەیشتوەتە 90 كەس، بەڵام زۆرینەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتوە و تەنها چەند حاڵەتێكیان لەژێر چاودێریی پزیشكدا ماون".
بەوتەی جابر حاڵەتەكان نەگەیشتونەتە ئاستی مەترسیدار و دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵدایە، بەڵام داوای لە هاووڵاتیان كردوە، ئاگاداربن و هەنگاوی پێویست بۆ خۆپاراستن بگرنەبەر.
وەزیری تەندروستیی ئوردن ئەوەشی ئاشكراكردوە، كە نەخۆشییەكە بۆ وڵاتەكەیان نەگەڕاوەتەوە، بەڵكو هەر لە بنەماوە دەرنەچوە، چونكە ئەو ڤایرۆسە لە ئوردن و ناوچەكە ماوەتەوە و ساڵانە سەرهەڵدەداتەوە.
ئەوە یەكەمجار نییە، كە ڤایرۆسی H1N1 لە ئوردن دەردەكەوێت، بەڵكو لە چەند ساڵی رابردوشدا بەهەمان شێوە سەریهەڵدابو.
ساڵی 2009 ڤایرۆسی H1N1 لە شێوەی پەتا لە مەكسیكەوە سەریهەڵدا و بەجیهاندا بڵاوبوەوە، ئەوكات هەزاران كەس بەهۆی توشبونیان بە ڤایرۆسەكە، گیانیان لەدەستدا.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group