خۆپیشاندەرانی عیراق، سودانی رەتدەكەنەوە

14/12/2019 عێراق

نەوا
خۆپیشاندەران لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عیراق دژی ئەوەن محەمەد شیاع سودانی ئەندامی پەرلەمان رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.
لەخۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی گۆڕەپانی تەحریری بەغدا و هەروەها شارەكانی دیكەی عیراق، بەگشتی خۆپیشاندەران راسپاردنی سودانی-یان رەتكردەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق، بەوپێیەی ناوبراو پێشتر بەرپرسیارێتیی حكومیی باڵای وەرگرتوە و لە كابینەی دووەمی نوری مالكی و لەكابینەكەی حەیدەر عەبادی-شدا وەزیر بوە.
خۆپیشاندەران دروشمی (سەربەخۆ، نەك دەستلەكاركێشاوە)یان بەرزكردبۆوە وەك ناڕەزایەتییەك دژی كاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی، بەو مانایەی پێیانوایە ناوبراو كەسێكی سەربەخۆ نییە و تەنها چەند رۆژێكە دەستی لە حزبی دەعوە كێشاوەتەوە.
ئەو رەتكردنەوەیە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی ئاگادار بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندبو، رۆژی دووشەممەی داهاتو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، محەمەد شیاع سودانی وەكو كاندید بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ رادەسپێرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group