سینه‌ما سالم: ئاسایشی سلێمانی رێگری له‌ نمایشكردنی فیلمی له‌پێناو ئازادیدا ده‌كات

30/12/2019 هەمەڕەنگ

نه‌وا
ئیدارەی سینەما سالم رایدەگەیەنێت، هێزەكانی ئاسایشی سلێمانیی رێگری لە نمایشكردنی فیلمی "لەپێناو ئازادیدا" دەكەن، ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی سێشەممە فیلمەكە نمایش بكرێت.
لە رونكردنەوەیەكی سینەما سالم-دا هاتوە "دوای ئەوەی بڕیاربوو سینەما سالم لە شەوی سەری ساڵدا فیلمی "لەپێناو ئازادیدا"، لە دەرهێنانی ئەرسین چەلەك نمایش بكات، رۆژی، دووشەممە بە پاساوی ئاسایش و ئارامیی شار" لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئاگادار كراینەوە كە "نابێت ئەو فیلمە نمایش بكرێت".
باسی لەوەشكردووە، "پێیان وایە ڕێگرتن لە هونەر و سینەما، هیچ بیانوویەك قبووڵ ناكات، تەنانەت ئەگەر پاساوی ئاسایش و ئارامییش بێت".
ئیدارەی سینەما سالم جەختیكردوەتەوە، "فیلمی "لەپێناو ئازادیدا" گێڕانەوەی ڕووداوێكی گرنگی مێژوویی نیشتمانەكەمانە و لە ڕووی هونەرییەوە لە ئاستێكدایە، لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانیدا بەشداریی كردووە".
لە كۆتاییدا بەڕێوەبەرانی سینەماكە رایانگەیاندووە، رۆژی 9ی كانونی دووەم گفتوگۆیەكی كراوە ڕێكدەخەن لەسەر سانسۆر و لەمپەر خستنەبەردەم ئازادییەكان لە پایتەختی ڕۆشنبیریدا".
فیلمی له‌ پێناو ئازادیدا گێڕانه‌وه‌ی 100 رۆژ گه‌مارۆدانی ناوچه‌ی سوری ئامه‌ده‌، له‌لایه‌ن حكومه‌تی توركیا له‌ ساڵی 2016، كه‌ تیایدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌نجانی كورد له‌و شارۆچكه‌یه‌دا شه‌هیدبون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group