بەرگریكار و ڤالڤێردی بەرشەلۆنەیان بە دۆڕاندن دا

09/01/2020 وەرزش

نەوا
هەڵەی بەردەوامی هێڵی بەرگری و خوێندنەوە ناتەندروستەكانی ڤالڤێردی، یانەی بەرشەلۆنە توشی شكستێكی دیكە دەكەن و لە نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا بێبەشی دەكەن.
شەوی پێنجشەممە 9-1-2020 لە یاری نیوەی كۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا، ئەتلەتیكۆ مەدرید لە یارییەكی دراماتیكیدا دواكەوتنی كردە بردنەوە و بە 3 گۆڵ بەرانبەر بە 2 گۆڵ لە بەرشەلۆنەی بردەوە و خۆی گەیاندە یاری كۆتایی و بەرانبەر ریاڵ مەدرید دەوەستێتەوە.
یارییەكە، لە شاری جەدەی سعودیە بەشێوازی نوێی جامی سوپەر بەڕێوەچو، كە تێیدا سەرەتا لە خولەكی 46 كوكی دەستپێشخەری بۆ ئەتلەتیكۆ مەدرید كرد، بەڵام میسی لە 51دا یەكسانی كردەوە، پاشان لە 62ی یارییەكەدا گریزمان گۆڵی دووەمی بۆ بەرشە كرد، بەڵام راپەڕینی یاریزانانی ئەتلەتیكۆ مەدرید دەستیپێكرد و لە خولەكەكانی 81 و 86 ئەلڤارۆ مۆراتا و ئەنخێل كۆریا گۆڵی یەكسانبونەوە و سێیەمیان تۆماركرد و خۆیان گەیاندە یاری كۆتایی و شەوی یەكشەممەی داهاتو هەر لە سعودیە بەرانبەر ریاڵ مەدرید دەوەستنەوە، كە ئەویش یاری نیوەی كۆتایی بە 3 گۆڵ بەرانبەر بە گۆڵێك لە ڤالەنسیا بردبوەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group