غالب محه‌مه‌د: نوسراوه‌كه‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی بۆ بودجه‌ی 2020 كاریگه‌ری ده‌بێت

15/01/2020

نه‌وا
په‌رله‌مانتارێكی كورد ده‌ڵێت: "ناردنی مووچه‌ له‌ به‌غداوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ڵام نوسراوه‌كه‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له‌ په‌رله‌مانی عیراق بۆ راگرتنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم كاریگه‌ری ده‌بێت بۆ یاسای بودجه‌ی 2020و ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان نه‌وت راده‌ستی به‌غدا بكات".
غالب محه‌مه‌د په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ په‌یجی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نوسیوویه‌تی: "موچه‌ی مانگی یه‌ك هاتووه‌، موچه‌یش به‌ردوام ده‌بێت به‌پێی یاسای بودجه‌ی عیراق له‌ ساڵی 2019 تا ئه‌وكاته‌ی یاسای بودجه‌ی عیراق بۆ ساڵی 2020 ده‌نگی له‌ سه‌ر ده‌درێت، به‌وه‌ش مانگانه‌ یه‌ك له‌سه‌ر دوازده‌ خه‌رجه‌ده‌كرێت له‌ بودجه‌ی 2019 كه‌واتا موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ردوام ده‌بێت".
ئه‌وه‌شی وتووه‌، "حكومه‌تی هه‌رێم هه‌تا ئێستا یه‌ك به‌رمیل نه‌وتی راده‌ست نه‌كردوه‌و یه‌ك دیناری عیراقیشی ته‌سلیم نه‌كردووه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نیت كه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ خه‌می موچه‌ و بودجه‌ی هاووڵاتیانی نیه‌ به‌س له‌ خه‌می گیرفانی خۆیانن".
غالب محه‌مه‌د رایگه‌یاندووه‌، "له‌باره‌ی نوسراوه‌كه‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له‌ په‌رله‌مانی عیراق كه‌ له‌ نامه‌یه‌كدا ئاڕاسته‌ی وه‌زیری دارایی عیراق كردوه‌و رونیكردوه‌ته‌وه‌، "به‌ گوێره‌ یاسایی ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت ئه‌گه‌ر پارێزگاكان و یان هه‌رێمه‌كان یان ناوچه‌كانی رێكنه‌خراو له‌ناو هه‌رێمێكدا داهاته‌كانی نه‌وت و غازیان راده‌ستنه‌كرد، وه‌زاره‌تی دارایی ده‌توانێت پشكی ئه‌و شوێنانه‌ كه‌مبكاته‌وه‌"، كاریگه‌ری زۆری نا بێت بۆ ئێستا به‌ڵام كاریگه‌ری ده‌بێت بۆ یاسای بودجه‌ی 2020 كه‌ ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان نه‌وت ته‌سلیم بكه‌ن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group