نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی تاران و واشنتۆن كراوە

17/01/2020

نەوا
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت، كۆشكی سپی و ئێران هەردوولا بە جیا بانگهێشتنامەیان بۆ ناردووە تاوەكو سەردانی هەردوو وڵات بكات، بەڵام تاوەكو ئێستا كاتی سەردانەكان دیارینەكراوە. 
 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لە گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، رایگەیاندووە، عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەخوازن و بە پێویستی دەزانن خۆیان لە گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەدوور بگرن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لەوەشكردووە، "هەرێمی كوردستان لە ئێران ناترسێت، بەڵام رێزی لێدەگرن"، هاوكات ئاماژە بە هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت "هێرشە مووشەكییەكە پەیامێكی ئاشكرابوو بۆ هەموو لایەك كە ئێران ئیرادە و توانای ئەوەی هەیە هەر شوێنێكی بوێت لە عێراق بیكاتە ئامانج".
لەبارەی سەردانەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق بۆ هەولێر، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، عەبدولمەهدی لەو باوەڕەدا بووە كە دەبێت ئەمریكییەكان لە عێراق بمێننەوە، بەڵام بۆ شێواز و رێكخستێكی نوێوە، بە تایبەت كە ئێستا فشارێكی زۆر لەسەر حكومەتەكەی هەیە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group