هۆكاری خه‌رجنه‌كردنی پاره‌ی گه‌نمی سێ ساڵی هه‌رێم ئاشكراده‌كرێت

18/01/2020

نه‌وا
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عیراق ده‌ڵێت "پاره‌ی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ساڵی رابردوو جێگیركراوه‌ و ئه‌وه‌شی له‌ ساڵانی رابردو خه‌رج نه‌كراوه‌، هۆكاره‌كه‌ی سیاسی بوه‌".
محه‌مه‌د ئه‌مین فارس ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵ له‌ په‌رله‌مانی عیراق، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی وتوه‌ "توانیومانه‌ بۆ ئه‌مساڵیش به‌شه‌ پاره‌ی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا گه‌ره‌نتی بكه‌ین، واته‌ وه‌ك ساڵی 2019 پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ جوتیارانی هه‌رێمی كودستان خه‌رج ده‌كرێت".
وتوشیه‌تی "سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عیراق له‌ڕووی یاسایه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی نییه‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی عیراق ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌مان پاره‌ی ساڵی رابردو به‌ جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌درێت".
په‌یوه‌ست به‌ پاره‌ی ساڵانی رابردوش، محه‌مه‌د ئه‌مین فارس ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردوه‌ "پاره‌ی سێ ساڵی جوتیارانی هه‌رێمی كورستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ خه‌رج نه‌كراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ بڕیارێكی سیاسی له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عیراقه‌وه‌ گل دراوه‌ته‌وه‌ و پێچه‌وانه‌ی یاسا و ده‌ستوری عیراقه‌".


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group