عیراق چەند قەرزدارە؟

18/01/2020 عێراق

نەوا
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی، قەرزەكانی سەر عیراقی ئاشكرا كرد، ئاماژە بەوەدەدات، بەشێكی قەرزی دەرەكییە لەچوارچێوەی رێككەوتنی یانەی پاریس و بەشێكی بەهۆی شەڕی داعشەوە قەرز كراوە.
راوێژكارەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بەئاژانسی هەواڵی عیراقی وتوە: قەرزە دەرەكیەكانی عیراق كەمترە لە 30 ملیار دۆلار، هەروەها قەرزی دەرەكیی تریش هەیە كە تایبەتمەندە بە رێكەوتنی یانەی پاریس كە 80%ی داشكێنراوە و بۆ پێش ساڵی 1990 دەگەڕێتەوە و یەكلایینەكرابۆوە.
ئاماژەی بەوەشداوە: قەرزە دەرەكیەكانی عیراق پێش ساڵی 1990 دەگەیشتە 128 ملیار دۆلار و 80%ی یەكلاییكراوەتەوە، ئەوەش بەپێی رێكەوتنی یانەی پاریس، هەروەها 41 بۆ 42 ملیار دۆلاری تر هەیە كە هی چەند دەوڵەتێكی كەنداوە و ئەویش بۆ پێش 1990 دەگەڕێتەوە و لەدەرەوەی رێكەوتنی یانەی پاریسە، قەرزە هەڵواسراوەكانی عیراق لەرێگەی پەنابردن بۆ رێككەوتنی پاریس چارەسەر دەكرێت، چونكە رێككەوتنێكی هاوسەنگە بۆ سەرجەم قەرزەكانی سەر عیراق، ئەو قەرزەشی لە رێككەوتنی یانەی پاریس لەسەر عیراق ماوەتەوە كەمترە لە 9 ملیار دۆلار.
راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی رونیشیكردوەتەوە: عیراق قەرزی تری لەسەرە، كە بەهۆی شەڕی دژی رێكخراوی داعشەوە كۆبوەتەوە و بە 13 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، ئەو قەرزەی تر كە دەمێنێتەوە هی ئەو دەوڵەتانەیە كە لەناو رێككەوتنی پاریس و دەرەوەی رێككەوتنەكە و دامەزراوە داراییەكانە و بە 28 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، دانەوەی ئەو قەرزانەش بە بەشبەش دەبێت و لەساڵی 2020-وە تا ساڵی 2028 دەدرێنەوە.
سەبارەت بەقەرزە ناوخۆییەكانیش باسی لەوەكرد، قەرزی ناوخۆیی عیراق بە 42 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، كە هی بانكەكانی ناوەندی و رافیدەین و LTBA و رەشیدە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group