زیاتر لە 20 كۆچەر لە دەریای ئیجەدا لە مردن رزگاركران

18/01/2020 جیهان

نەوا
ئەمڕۆ زیاتر لە 20 كۆچەر لە دەریایی ئیجە لە خنكان رزگاركران، كە بەهۆی كەشوهەواوە بەلەمە چوپەكەیان نقوم بووە.
لەوبارەیەوە هیوا خدر ئەندامی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عیراقی لە توركیا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 18-1-2020، لە ناوچەی ئێنزی سەربە شاری ئەدرنای توركیا لە نێو دەریایی ئیجە بەهۆی دژواریی كەشوهەواوە بەلەمێكی چوپی پەنابەران نقوم دەبێت، پەنابەرەكان سەرەتای تێكشكانی چوپەكەیان پەیوەندی دەكەن بە پۆلیس دەریاوانییەوە، بەڵام بەهۆی سەختی كەشوهەواوە شوێنەكەیان بۆ دیاری ناكرێت، پاشان بەهۆی هێلیكۆپتەرەوە دەدۆزرێنەوە و سەرجەمیان رزگاردەكرێن، كە لە 22 كۆچەر پێكهاتون و 14یان ئافرەت بوون.
ئاماژە بەوەشكراوە، هەر ئەمڕۆ لەشاری ئەدرنا لە نێو ئۆتۆمبێلێكدا  پێنج كۆچەری ئەفغانی و پاكستانی و دوو قاچاخچی عیراقی دەستگیركران، رۆژی 17ی ئەم مانگەش لە ناوچەی ئایڤاچەكی سەر بەشاری چانكاڵێ 70 كۆچەر لە نێو دوو چوپدا دەستگیركران، كە 35 كەسیان منداڵ بوون، لە ناوچەكانی مریس و كیشان سەربە شاری ئەدرناش 148 كۆچەر دەستگیركران، كە پێكهاتبوون لە خەڵكی وڵاتانی (عیراق، ئێران، سوریا، پاكستان، مەغریب و جەزائیر).

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group