نه‌وا
رێواز فایه‌ق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: به‌پێی یاسای خانه‌نشینی به‌ركار له‌عێراق كه‌س ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری خانه‌نشینییه‌ك ببێت، كه به یاسا پێیدراوه.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌شڵێت: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر به‌ده‌قێكی یاسایی له‌یاسایه‌كی تر، ده‌ستبه‌رداربوون ڕێكخرا، ئه‌وا هه‌ركه‌س له‌وانه‌ی ئه‌و یاسایه ده‌یانگرێته‌وه ده‌توانن به‌پێی ڕێوشوێنی یاسایی ده‌ستبه‌رداری مافی خۆیان ببن.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌وه‌شكردووه، بۆ هه‌ر به‌ڕێزێك له په‌رله‌مانتارانی خولی پێنجه‌م و خوله‌كانی تر، كه خواستیانه به‌م یاسایه خانه‌نشین نه‌بن، له ماوه‌یه‌ك كه له 30 ڕۆژ له ڕێكه‌وتی به‌ركاربوونی یاساكه تێپه‌ڕنه‌كات، ده‌توانن له دیوانی په‌رله‌مان داوا پێشكه‌ش بكه‌ن.
رونیشیكردۆته‌وه: یاسای چاكسازی ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه 19-1-2020 ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت، دوای واژووكردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێم، بۆ ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی (وه‌قایعی كوردستان) ده‌نێردرێت، دوای به‌ركاربوونی یاساكه، دیوانی په‌رله‌مان به‌ڕاگه‌یه‌نراوێك ده‌ستپێكردنی واده‌ی (30) ڕۆژه‌كه به‌شێوه‌ی یاسایی ڕاده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ر په‌رله‌مانتارێك له‌و (30) ڕۆژه‌دا داوای ده‌ستبه‌رداربوون پێشكه‌ش بكات ئیتر مافی خانه‌نشینی نامێنێت .
جه‌ختیشی كردۆته‌وه هه‌ر په‌رله‌مانتارێك پێش ئه‌و واده‌یه داوا پێشكه‌ش بكات له رووی یاساییه‌وه به‌های نابێت و مافی خانه‌نشینی هه‌ر ده‌مێنێت.