خۆپیشاندانی لایەنە كوردیەكان لە كەركوك دواخرا

18/01/2020

نەوا
هەرچەندە بڕیاربوو رۆژی یەكشەممە لە دژی كەمی پشكی كورد لە دامەزراندن خۆپیشاندان لە كەركوك بەڕێوەبچێت، بەڵام وەك باس دەكرێت لەسەر بنەمای بەڵێنی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران بۆ چەند رۆژێك ئەو خۆپیشاندانە دواخراوە.
رۆژی شەممە لە كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانیەكانی كەركوكدا بڕیاردرا رۆژی یەكشەممە لەبەردەم پەروەردەی شارەكە دژی كەمی پشكی كورد لە دامەزراندنی پەروەردەدا خۆپیشاندان بكرێت.
دواتر حەسیبە عەبدوڵا سەرۆكی لقی كەركوكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، رایگەیاند، "ئاگاداركراینەوە كە هەریەك لە سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆك وەزیرانی كاربەڕیكەر، بۆ پرسی دامەزراندنەكەی كەركوك هاتونەتە سەر خەت و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكانیانداوە، بۆیە خۆپیشاندانەكەیان بۆ چەند رۆژێك دواخستووە.
وتیشی، كە خۆپیشاندانەكە بۆ ئەو مەبەستە دواخراوە كە كێشەكانیان بەڕێگەی تر چارەسەر بكرێت و وتی "ئەگەر بێت و چارەسەری كێشەكە  نەكرێت، ئەوا خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین و سەرجەم ئامادەكارییەكانیش تەواو بووە".
هاوكات ئەنجومەنی مامۆستایانی دانەمەزراویش رایانگەیاند، تا سێ رۆژ چاوەڕێی جێبەجێ كردنی ئەو بەڵێنانە دەكەن كە پێیاندراوە و لەئەگەری جێبەجێ نەكردنی داواكاریەكانیان دەست بە خۆپیشاندان و گرتنەبەری هەموو رێكارێكی مەدەنی دەكەن.
لە كۆی نزیكیە دوو هەزار و 500 پلەی دامەزراندنی پەروەردەی كەركوك زیاتر لە هەزار و 500 پلەی بەر پێكهاتەی عەرەب كەوتووە و ئەوەش ناڕەزایەتی كورد و توركمانی لێكەوتوەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group