بەرپرسێكی پارتی: داعش لە سنووری مەخموور دەستی بە جووڵەی زیاتر كردووە

18/01/2020

نەوا
بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ماوەیەكە هاوپەیمانان هەموو جۆرە چالاكییەكانیان لە دژی داعش لە سنووری مەخموور راگرتووە، ئەمەش وای كردووە داعش دەست بە جووڵەی زیاتر و كردەوەی توندوتیژی بكات.
كرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی مەخمووری پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە، پێشتر فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بەردەوام مۆڵگەكانی داعشیان لە سنووری مەخموور بۆردوومان دەكرد، بەڵام ماوەیەكە هەمووچالاكییەكانیان راگرتووە، ئەمەش وای كردووە كە داعش جموجۆڵی زۆر زیاتر بێت و و دەستیشیان بە ئەنجامدانی كردەوەی توندوتیژی كردووە، كە پێش دوو رۆژ بۆمبێكیان دانابووەوە و بەو هۆیەوە كەسێك بووە قوربانی.
وتیشی، بۆشایی ئەمنیی زۆر لە ناوچەكەدا هەیە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە، كە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە و ئەو بۆشاییەی كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر دروست بووە، پڕ بكرێتەوە، چونكە ئەو خەڵكەی لەوێیە ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە، هاوكاریان دەبن و رێگری لە داعش دەكەن، چونكە زۆر متمانەیان بە هێزی پێشمەرگە هەیە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group