مەحمود سەنگاوی: رەفتارەكانی پارتی بەرامبەر بە لایەنگرانی یەكێتی هاوشێوەی بەعسە

18/01/2020

نەوا
مەحمود سەنگاوی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتی بەهۆی گیان لەدەستدانی پێشمەرگەیەكیان لە زیندانی ئاسایشی هەولێر رەخنەی توندی لە پارتی و ئاسایشی هەولێر گرت و پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتیش وەڵامی دەداتەوە.
رۆژی شەممە مەحمود سەنگاوی لە مەراسیمی چلەی شەهیدانی كوڵەجۆ، لە بەشێكی قسەكانیدا لەسەر گیانلەدەستدانی پێشمەرگەیەكیان لە ئاسایشی هەولێر ئەو كارەی بە كردەوەیەكی تیرۆرستی ناوبرد و وتی "ئەوانەی وایان لەو پێشمەرگەی یەكێتی كرد هیچیان كەمتر نییە لەوەی داعش كردوویەتی"، وتیشی: داعش پێشمەرگەكانمان شەهید دەكات و پارتیش پێشمەرگەمان دەخنكێنێت". 
 سەنگاوی وتیشی: "رەفتارەكانی پارتی بەرامبەر بە لایەنگرانی یەكێتی هەمان رەفتارەكانی حزبی بەعسە".
لە كۆتایشدا داوای لە حزبەكەی كرد هەڵوێستیان بەرامبەر بەو كردەوەیە هەبێت و وتی: پێویستە لەو حكومەتە بكشێنەوە و بێدەنگ نەبن.
لەبەرامبەردا ئاری هەرسین پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە نوسینێكدا وەڵامی مەحمود سەنگاوی داوەتەوە و نوسیویەتی، "ئەگەر ئێمەی پارتی وەك بەعس و داعش واین، چۆنە ڕێگە دەدات حیزبەكەی لەگەڵ ئێمە حكومەت پێكبهێنێت و كاك مەحمود سەنگاوی بكاتە هاوسەنگەری بەعس و داعش".
رۆژی پێنج شەممە ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، هاوڵاتیەك بە ناوی مەجید ئیبراهیم كە پێشمەرگەی هێزەكانی حەفتا بوو، بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیركراوە و لە زیندان خۆی خنكاندووە، بەڵام بنەماڵەكەی و یەكێتی گومانیان لە هۆكاری مردنەكەی هەیە و سەرلەنوێ لە سلێمانی توێكاری بۆ تەرمەكەی كرایەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group