نه‌وا
رۆژنامه‌یه‌كى سعودى ئاشكرایكرد، لێكۆڵینه‌وه‌كانى عیراق تایبه‌ت به كوشتنى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌ی پێشوى فه‌یله‌قى قودسى سوپای پاسدارانی ئێران و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیس جێگرى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى گه‌یشتونه‌ته ئه‌وه‌ى كه‌سێكى نزیك له موهه‌ندیس سیخوڕیی كردوه، هه‌ربۆیه ده‌ستگیركراوه.
له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا ئه‌مریكا له‌رێگه‌ى فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وانه‌وه له‌شارى به‌غدا سوله‌یمانى و ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیسى كوشت، دواتریش چه‌ندین زانیارى و راپۆرت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته بڵاوكرانه‌وه، كه زۆرینه‌یان ئاماژه‌یان به‌وه‌ده‌دات تۆڕێكى سیخوڕ‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان كاریان كردوه و حكومه‌تى عیراقیش ده‌ستى به‌لێكۆڵینه‌وه له‌و روداوه كرد.
له‌باره‌ى ده‌رئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانه‌وه، رۆژنامه‌ى "عوكاز"ى سعودى بڵاویكردوه‌ته‌وه، كه‌سێكى نزیك له موهه‌ندیس كارى سیخوڕ‌ى بۆ ئه‌مریكییه‌كان كردوه و زانیارى داوه پێیان.
رونیشكراوه‌ته‌وه، لیژنه‌ى به‌دواداچون بۆ روداوه‌كه، كه‌سه‌كه‌یان ده‌ستگیركردوه و تائێستاش له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه، به‌ڵام دانى به‌هیچ شتێك‌دا نه‌ناوه، سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌كانیش ئه‌وه نیشانده‌ده‌ن، ئه‌و كه‌سه سیخوڕیی كردوه.
پێشتر هه‌ندێك راپۆرتی رۆژنامه‌وانی باسیان له‌وه‌كردوه، كه ئه‌مریكا بازنه‌ى نزیك له ئه‌بومه‌هدى موهه‌ندیسى بڕیوه، هه‌ر له‌و رێگه‌یه‌وه جموجوڵه‌كانی ده‌ستنیشانكراوه.