سلێمانی.. دوو پرۆژەی ستراتیژیی گواستنەوەی وزەی كارەبا راگەیەندرا

19/01/2020

نەوا
لەسنووری پارێزگای سلێمانی دوو پرۆژەی ستراتیژی گواستنەوەی وزەی كارەبا جێبەجێدەكرێت، كە یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ گواستنەوەی وزەی كارەبا لەوێستگەی بەرهەمهێنانی بازیان.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بڵاویكردەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 19-1-2020 هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و ئەندازیار سالار حسامەدین بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی و بەئامادەبونی لێپرسراوانی ناحیەی بازیان، لەناو ناحیەكەدا دوو پرۆژەی ستراتیژی گرنگی گواستنەوەی وزەی كارەبایان راگەیاند.
پرۆژەكان بریتین لەهێڵێكی 132 كەی ڤی بۆ بەستنەوەی وێستگەی غازیی بازیان بەوێستگەی 132 كەی ڤی چەمچەماڵەوە، كە دیوی چەمچەماڵی دەستیپێكردوە و تەنها دیوی بازیانی ماوە و ئەمڕۆ راگەیەندرا.  هەروەها هێڵێكی 132 كەی ڤی بەدرێژی 46 كیلۆمەتر، كە بەشێكی لەوێستگەی غازی بازیان بەرەو تاسڵوجە دەبێت و بەشەكەی دیكەشی دەكەوێتە خۆرهەڵاتی سلێمانییەوە، هەردوو پرۆژەكەش گرنگی زۆریان هەیە بۆ گواستنەوەی ئەو وزەی كارەبایەی لە وێستگەی بازیان بەرهەمدێت بەرەو چەمچەماڵ و شاری سلێمانی، ئەوەش یارمەتیدەرێكی باش دەبێت بۆ سەقامگیربونی توانای هێڵەكانی گواستنەوەی وزەی كارەباو دواتریش باشتربونی دۆخی كارەبا.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لەداهاتویەكی نزیكدا دوو هێڵی ستراتیژیی 132 كەی ڤی لەنێوان وێستگەی گواستنەوەی وزەی تاسڵوجە/چوارقوڕنە و پاشان سلێمانی/سەیدسادق جێبەجێدەكرێت، كە رۆڵی گرنگیان دەبێت بۆ سەقامگیركردنی كارەبای سنوری راپەڕین و هەڵەبجە و سەیدسادق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group