وردەكاری رێككەوتنەكەی سەدر و عامری لەبارەی كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی نوێ ئاشكرادەكرێت

20/01/2020 عێراق

نەوا
رۆژنامەیەكی نیمچەفەرمی وردەكاری رێككەوتنی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر و هادی عامری سەرۆكی ئیئتیلافی فەتح ئاشكرا دەكات، كە بەنیازن ناوی چەند كاندیدێك پێشكەش بە فراكسیۆنە سیاسییەكان بكەن بۆئەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرن.
دوای زیاتر لە دوو مانگ دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران تائێستا نەتوانراوە كەسێك بۆ شوێنەكەی دیاری بكرێت و لەچەند رۆژی رابردوشدا موقتەدا سەدر و هادی عامری سەرقاڵی گفتوگۆبون لەسەر چۆنێتی دیاریكردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە.
لەوبارەیەوە رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچەفەرمی سەبارەت بەوردەكاری رێككەوتنەكەی نێوانیان بڵاویكردوەتەوە، سەدر و عامری رێككەوتون لەسەرئەوەی بابەتی گەورەترین فراكسیۆن تێپەڕێنن، هەربۆیە چەند ناوێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران پێشكەشی فراكسیۆنەكان دەكەن لەناویشیاندا فراكسیۆنە كوردستانی و سوننیەكان.
رونیشكراوەتەوە، پێشكەشكردنی ناوەكان بۆئەوەی كەسێكی گونجاو لەلایەن ئەو فراكسیۆنانەوە هەڵبژێردرێت پێش ئەوەی ناوەكەی ئاراستەی سەرۆك كۆمار بكرێت بۆئەوەی رایبسپێرێت بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران. 
سەبارەت بە كاندیدەكانیش، رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە، عەلی شوكری راوێژكاری سەرۆك كۆمار، محەمەد تۆفیق عەللاوی وەزیری پێشوتری پەیوەندیەكان لە دیارترین پاڵێوراوەكانن، هەركاتێك یەكێكیان دیاریكرا، ئەوا كاتی هەڵبژاردنی پێشوەخت و بەرنامەكەی حكومەتیش دیاری دەكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group