شاسوار عەبدولواحید: تەنها 48 كاتژمێر دەدەینە سێ پەرلەمانتارمان

20/01/2020

نەوا-رۆژیار سیروان-سلێمانی 
شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، تەنها 48 كاتژمێر مۆڵەت لەبەردەم سێ پەرلەمانتاریاندایە ئەگەر دەستبەرداری خانەنشینیی نەبن، ئەوا لە فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمانی كوردستان دەردەكرێن.
ئەمڕۆ شاسوار عەبدولواحید لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە سلێمانی وتی "جوڵانەوەكەمان سوپاسگوزاری پێشكەشی ئەو چوار پەرلەمانتارە دەكات، كە دەستبەرداری خانەنشینی بوون بەشێوەیەكی فەرمی و پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد، وەك دەزانن فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە 7 پەرلەمانتار پێكهاتوە و سێ كەسیان ماوە ئەو فۆرمە پڕبكەنەوە و دەستبەرداری خانەنشینیەكانیان بن، بۆیە پەیامی ئێمە بۆ ئەو سێ بەڕێزە ئەوەیە پێویستە ئەو فۆڕمە پڕبكەنەوە و دەستبەرداری خانەنشینیەكەیان بن بەپێچەوانەوە هەتا 48 كاتژمێر ئەو كارە نەكەن لە جوڵانەوەكە دەریان دەكەین، هەموو كەندیدەكانمان پێش هەڵبژاردن سوێندیان خوارد و بەڵێننامەیان پڕكردەوە و بەڵێنیان بە خەڵك داوە دەستبەرداری خانەنشینی دەبن بۆیە ئەگەر كەسێك خیانەت لە خوا و ئەو بەڵێننامەیەی واژۆیان كردوە و خەڵك بكات، دڵنیابن لەناو جوڵانەوەی نەوەی نوێدا جێگای نابێتەوە".
لە وەڵامی پرسیارێكی رادیۆ نەواشدا سەبارەت بە هەڵوێستی جوڵانەوەكەیان لەپاش پەسەندكردنی یاسای چاكسازی لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە، شاسوار عەبدولواحید وتی "بەردەوام دەبین وەك چۆن ئەم چوار پەرلەمانتارە هەڵوێستێكی مەردانەیان هەبوەو نابین بە بەشێك لەو یاسا خراپە و لەداهاتودا پێویستیمان بە خەڵكە، بۆیە بەنیازین یەكدەنگیەك لەگەڵ چین و توێژەكانی كۆمەڵگادا دروستبكەین، بەڵام ئەگەر راستگۆبم كێشەی كوردستان تەنها ئەم یاسایە نییە، بەڵكو لە داهاتودا كێشە زۆرە ئیشی لەسەربكەین، كە بەدڵی ئێمە نییە".
دەربارەی جوڵاندنی شەقام و وەرگرتنی هەڵوێستیش هاوشێوەی شەقامی عیراق، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ وتی "ئەگەر میوەیەك لە پێش كاتی خۆی لێبكرێتەوە، ئەوا سودی لێنابینرێت، بۆیە خۆپیشاندانیش كاتی خۆی دێت، پێویستی بەوەیە خەڵك ئامادەبێت و توانای ئەنجامدانی ئەو كارەی هەبێت".
لەلای خۆیشیەوە دكتۆر كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان لەو پرێس كۆنفرانسەدا وتی "سەبارەت بەو سێ پەرلەمانتارەی تائێستا فۆڕمیان پڕنەكردۆتەوە كە (مەم بورهان قانع، دیاری ئەنوەر و سیروان محەمەد)ن، پێویستە بە شێوەیەكی فەرمی ئەو فۆڕمە پڕبكەنەوە و دەستبەرداری خانەنشینی ببن".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group