پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ وەڵامی شاسوار عەبدولواحید دەداتەوە

20/01/2020

نەوا
سیروان بابان پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ، لە رونكردنەوەیەكدا وەڵامی سەرۆكی جوڵانەوەكە دەداتەوە و دەڵێت "نەوەی نوێ و خانەنشینیش رەتدەكەمەوە".
لەوەڵامی ئەو مۆڵەتە 48 كاتژمێرییەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆی داناون تا خانەنشینی رەتبكەنەوە، سیروان بابان پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتوە "خۆتان ئاگادارن بەداخەوە لە ناو نەوەی نوێدا كێشە سەریهەڵدا. هۆكاری سەرەكی كێشەكان ئەوەبوو كە شاسوار عەبدولواحید وەك بەڵێنی بە ئێمە دابوو واز لە بازرگانی و گرێبەستە بازرگانییەكان بهێنێ، بە پێچەوانەوە نەك وازینەهێنا، بەڵكو فراوانتریكرد و پەلی هاویشت بۆ بەغداد و دەرەوەی وڵات. وەك دەڵێن، پارە شەیتانە و كە تێكەڵی سیاسەت كرا سەردەكێشێت بۆ فڕت و فێڵ و تەڵەكەبازی و چەواشەكردنی خەڵك. كەس نییە نەزانێ سەرچاوەی هەموو كێشە و نەهامەتیەكانی وڵاتەكەمان تێكەڵكردنی سیاسەت بوو بە پارە و بازرگانی".
هەروەها دەڵێت "بۆ چارەسەركردنی كێشەكان تكامان لە شاسوار عەبدولواحید كرد، حەقی خەڵكەكە لە پشكەكانی چاڤی لاند بگێڕێتەوە و 52 ملیۆن دۆلارەكە بداتەوە بە حكومەت و هەروەها وەك بەڵێنی پێداین واز لە بازرگانی بهێنێت، بەڵام نەك هەر بە گوێی ئامۆژگارییەكانی ئێمەی نەكرد، بەڵكو كەوتە رێككەوتنی نهێنی ژێر بە ژێر و دەستتێكەڵكردن لەگەڵ دەزگایەكی جاسوسی ناوخۆ تاكو مەلەفەكانی دادگای بۆ هەڵپەسێرن".
سیروان بابان جەختدەكاتەوە، بەهۆی راستگۆنەبوونی شاسوار عەبدولواحیدەوە سەركردەكانی جوڵانەوەی نەخێر لە دژی ریفراندۆمەكە وازیانهێنا، دامەزرێنەرانی نەوەی نوێ وازیانهێنا، سەركردەكانی كۆنگرەی یەكەمی دامەزراندن وازیانهێنا، لەئێستادا بەشێك لە سەركردایەتی كۆنگرەی دووەمیش وازیانهێناوە.
دەشڵێت "كە دۆسێی پڕۆژەیاسای چاكسازی هاتە پێش، تكام لە هاوڕێكانم كرد كە خەڵك ماندووبووە و بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە درۆ لەگەڵ خەڵك دەكەن، با ئێمە لەگەڵ خەڵك ڕاست بین. فۆرمێكی فەرمیم دروستكرد و تكام لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ كرد كە هەموومان ئیمزای بكەین كە لە كۆتایی خولەكە، خۆمان خانەنشین ناكەین. بەڵام سەرۆكی فراكسیۆن و هاوكارەكانی ڕەتیانكردەوە ئیمزای فۆرمەكە بكەن. كە بابەتەكەم گەورە كرد، پلانێكیان دۆزیەوە بۆ چەواشەكردنی خەڵك".
لە بەشێكی دیكەی رونكردنەوەكەیدا، ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی نەوەی نوێ نوسیویەتی "شاسوار عەبدولواحید پێیان دەڵێت: ئێوە تەمەن و ساڵی خزمەتتان كەمە، بۆیە ئەگەر ئێستا خانەنشین بكرێن، بە كەمتر لە 2 ملیۆن دینار خانەنشین دەبن، ئێمە دوو هەڵبژاردنمان لە پێشە، هی عیراق و كوردستان، من دەتانكەمەوە بە كاندید و ئەوسا، لەبری 2 ملیۆن دینار، زیاتر لە هەشت ملیۆن دینار وەردەگرن. بەوجۆرە دوای فشارەكانی من و ئەو ڕێكەوتنە ئینجا ڕایانگەیاند خانەنشینی رەتدەكەنەوە".
سیروان بابان دەشڵێت "ئەمەوێ ڕاشكاو بم، من خەڵك و وڵاتەكەم لە حزب و سەرۆك بۆ گرنگترە و كە گەیشتە سەر بەرژەوەندی خەڵك، هیچ سنوور و خەتێكی سور ناناسم. بۆیە من دژی ئەو پیلانە ناجوامێرانەیە وەستامەوە. لێرەوە جارێكیتر هەم داوا لە هاوڕێكانم دەكەم كە لەبەردەم خوا و خەڵك ڕاستگۆبن و وەك پەرلەمانتاری حزبەكانی دەسەڵات نەبن بە كۆیلەی حزب و سەرۆك. هەم داوا لە شاسوار عەبدولواحید دەكەم كە دوای دەرچوونی یاساكە هیچیتر پەنا نەبات بۆ رێكەوتن و سەفەقاتی ژێربەژێر و نهێنی لەگەڵ حزبەكانی دەسەڵات و خۆی 52 ملیۆن دۆلارەكە بگێڕێتەوە بۆ حكومەت".
هەروەها بە تایبەتی ڕوو دەكاتە شاسوار عەبدولواحید و دەڵێت "برای بەڕێز، ئەو پارەیەی تۆ بە رێكەوتنی ژێربەژێر وەرتگرتوە هەزاران جار زیاترە لە هەمو خانەنشینی هەموو پەرلەمانتاران پێكەوە، چ جای بگات بە موچە و خانەنشینی كەمئەندامان و فەرمانبەرانی حكومەت. ئەگەر تۆ و كۆمپانیاكان ئەو پارانە بگێڕنەوە، دەكرێت هەزاران كیلۆمەتر شەقام و ڕێگاوبانی پێ چاكبكرێتەوە. سەدان قوتابخانەی بۆ مناڵانی كەمدەرامەت پێدروست بكرێت. دەیان نەخۆشخانە و سەدان پرۆژەی ئاوەدانكردنەوەی پێبكرێتەوە. هەموو لایەك دڵنیا دەكەمەوە كە من پابەندم بە بەڵێنەكانمەوە و لەسەر وتنی ڕاستییەكان بەردەوام دەبم. هیوادارم هەموومان پێكەوە كۆتایی بە كۆیلایەتی بۆ حزب و سەرۆك بهێنین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group