نێچیرڤان بارزانی: هێشتا لەگەڵ بەغدا لەسەر وردەكاری رێككەوتنە نەوتییەكە رێكنەكەوتوین

24/01/2020

نەوا
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، تا ئێستا لەسەر وردەكاری رێككەوتنە نەوتییەكە لەگەڵ بەغدا ڕێنەكەوتوون، هۆكارەكەشی بۆ كاربەڕێكەربوونی حكومەت لە بەغدا گەڕاندۆتەوە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی راگەیاندووە، هەرێم هێشتا دەستی نەكردووە بە جێبەجێكردنی رێككەوتنی نوێی نەوت لەگەڵ بەغدا، چونكە تا ئێستا لەگەڵ بەغدا لەسەر وردەكاری رێكەوتنەكە ڕێنەكەوتوون.
سەرۆكی هەرێم ئاماژەی بەوەكردووە، هەرچەندە واژۆیان لەسەر رێككەوتنەكەیان لەگەڵ بەغدا كردووە بەڵام لەسەر وردەكارییەكانی رێكنەكەوتوون و ئێستاش بەغدا حكومەتی كاربەڕێكەری هەیە.
لە كۆتایی ساڵی رابردوو هەرێم و حكومەتی عێراق بە شێوەی سەرەتایی لەسەر ئەوە رێككەوتنی كە لە بەرامبەر رادەستكردنی داهاتی هەناردەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە كۆمپانیای سۆمۆ، بەغدا پشكی هەرێم لە بودجە رەوانە بكات، بەڵام بە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و رەوانەنەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان هەولێر و بەغدا نەیانتوانی هەنگاوی زیاتر بنێن.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group