هەڵمەتی دەستگیركردنی خۆپیشاندەران لە بەغدا و چەند شارێكی تر دەستیپێكرد

25/01/2020 عێراق

نەوا
سەرچاوەكانی هەواڵ ئاشكرایانكرد، دوای سوتاندنی خێمەی خۆپیشاندەران لە بەغدا، هێزە ئەمنیەكان هەڵمەتێكی دەستگیركردنیان دەستپێكردوە، نوسینگەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانیش رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پردی سنەك دەكرێتەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە، دوای سوتاندنی خێمەی خۆپیشاندەران، هێزە ئەمنیەكان بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەڵمەتێكی دەستگیركردنیان لەشاری بەغدا و چەند شارێكی دیكەش دەستپێكردوە و چەندین كەس دەستگیركراون و تورەكەیان كراوەتەسەر.
رونیشكراوەتەوە، جگە لە هێزە ئەمنیەكان، میلیشیاكانی وەك كەتیبەكانی حزبوڵڵای عیراقی دەستیانكردوە بەدەستگیركردنی چالاكوانان و خۆپیشاندەران، هەروەها ژمارەیەك خۆپیشاندەر، كە لەناو چەند باڵەخانەیەكی چۆڵدان، لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە گەمارۆدراون.
لەلایەكی دیكەوە فەریق روكن محەمەد حەمید بەیاتی سكرتێری فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لەلێدوانێكدا ئاشكرایكرد، پرۆسەكانی بەغدا و پرۆسە هاوبەشەكان هەوڵدەدەن بەربەست و رێگریەكان لەبەردەم جوڵەی هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێل لەشاری بەغدا لاببەن، هەربۆیە پردی ئەحرار كراوەتەوە و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش پردی سنەك دەكرێتەوە.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group