بەرهەم ساڵح: تاوانەكانی تیرۆر هیچ پەیوەندییەكی بە ناوەڕۆكی ئایینی ئیسلامەوە نییە

25/01/2020 جیهان

نەوا
لە دیدارێكدا لەگەڵ پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق جەختی لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان كردەوە بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
ئەمڕۆ لە چوارچێوەی سەردانێكیدا بۆ ڤاتیكان، بەرهەم ساڵح لەلایەن پاپا فرانسیس و ژمارەیەك لە كاردیناڵ و ئوسقوفەكانی ڤاتیكانەوە پێشوازی لێكرا.
لە دیدارەكدا، سەرۆك كۆماری عیراق دوپاتیكردەوە، برایەتی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان موسڵمانان و كریستیانەكان و پێكهاتەكانی دیكە تەنها رێگایە بۆ لەناوبردنی توندڕەوی بە گشت جۆرەكانیەوە، هاوكات رونیكردەوە تاوانەكانی تیرۆر كە یەخەی گشت پێكهاتەكانی عیراقی گرتوە، هیچ پەیوەندییەكی بە ناوەڕۆكی ئایینی ئیسلامەوە نییە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، چارەسەری ئەو قەیرانانەی ناوچەكە دوچاری هاتوە، تەنها لەڕێگای گفتوگۆ و لێكگەیشتنەوە دەبێت چارەسەربكرێت، هاوكات جەختیشی لە گرنگی چڕكردنەوەی هەوڵەكان كردەوە لەپێناو هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
لەلای خۆیەوە پاپا فرانسیس جەختی لە پێویستی پشتیوانی لە سەقامگیریی عیراق و گرنگی سەرخستنی زمانی دیالۆگ و لێكگەیشتن و بەهێزكردنی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بەرجەستەكردنی خۆشەویستی و ئاشتی كردەوە.
هەر لە كۆتایی دیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی سەردانەكەی پاپای ڤاتیكان بۆ عیراق.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group