"پرۆژه‌ یاسایه‌كى پڕ كه‌موكورتى و كورتهێنان بۆ بودجه‌ى 2020 ئاماده‌یه‌"

26/01/2020

 نه‌وا
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت: "ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان فلته‌رى چاودێرین و پێویسته‌ له‌ قه‌زا و ناحیه‌كانیش هه‌بن". په‌رله‌مانتارێكی كوردیش له‌ په‌رله‌مانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2020ی عیراق لاى حكومه‌ته‌وه‌ ئاماده‌یه‌، به‌ڵام كه‌موكورتى زۆرى تێدایه‌.
رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 26-1-2020 له‌ به‌رنامه‌ی "پارێزگاى سلێمانى و نوێنه‌رانى" كه‌ له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی رێكخراوی كوردستان بۆ هه‌موان-ه‌ و له‌رادیۆی نه‌واوه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێت، مه‌هدى محه‌مه‌د سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ له‌ یه‌كه‌م رۆژى ده‌ستبه‌كاربونیانه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا هه‌زار دینار نه‌چۆته‌ ناو ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و وتى: "له‌و گۆشه‌یه‌وه‌ گله‌یى خه‌ڵك راسته‌ كه‌ هیچ خزمه‌تگوزراى و پرۆژه‌ نه‌كراون".
راشیگه‌یاند، "ده‌بێت خه‌ڵك دڵخۆش بن به‌وه‌ى كه‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگا به‌دواداچوون بۆ كێشه‌كانیان ده‌كات، هه‌ر كێشه‌یه‌كیان هه‌بێت هه‌ر به‌ "بۆڵه‌ بۆڵ"و له‌ فه‌یسبوكدا نمایشى نه‌كه‌ن به‌ڵكو ئه‌و ره‌خنه‌ و بۆڵه‌ بۆڵانه‌ له‌كاتێكدا جێى خۆیه‌تى كه‌ تۆ بیگه‌یه‌نیته‌ شوێنى مه‌به‌ست و چاره‌سه‌ر بكرێت".
له‌ وه‌ڵامى هاووڵاتییه‌كیدا ره‌تیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان زیاده‌ بن و وتى: "رۆژانه‌ ده‌یان و سه‌دان هاووڵاتى سكاڵاكانیان ده‌هێنن بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێَزگا، بۆیه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كان فلته‌رى چاودێرین و پێویسته‌ له‌ قه‌زا و ناحیه‌كانیش هه‌بن".
هه‌ر له‌به‌رنامه‌كه‌دا ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق له‌باره‌ى بودجه‌ى 2020 وتى: "پرۆژه‌ یاساكه‌ لاى حكومه‌ته‌وه‌ ئاماده‌یه‌ به‌ڵام كه‌موكورتى زۆرى تێدایه‌ و كورتهێنانێكى زۆر گه‌وره‌ى تێدایه‌ كه‌ ناتوانن به‌و جۆره‌ بینێرن بۆ په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عیراق، حكومه‌تى كاربه‌رێكه‌ر ناتوانێت پرۆژه‌ یاسا بنێرێت بۆ په‌رله‌مان".
سه‌باره‌ت به‌ كارى سیاسییان له‌ناو په‌رله‌مانیش باسی له‌وه‌كرد، "ئێمه‌ وه‌ك گروپى 15 له‌ یه‌كه‌م دانوستانمان 3 مه‌رجمان بۆ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى داناوه‌ بۆ پشتگیرى كردن و ده‌نگدان پێى ئه‌گه‌ر بووه‌ كاندیدى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران، ئه‌وانش موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و شایسته‌ داراییه‌كانى جوتیاران و رێكخستنى پێشمه‌رگه‌ له‌ناو سیستمى به‌رگرى عیراق ده‌بێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group