فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا پێشمەرگەیەكیان شەهید كرد و یەكێكی دیكەشیان بریندار كرد

28/01/2020

نەوا
لە چیاكانی سنوری زێبار-ی سەربە شارۆچكەی ئاكرێ لە پارێزگای دهۆك، بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیاوە پێشمەرگەیەك شەهید بو، یەكێكی دیكەش بریندارە. 
ئاژانسی رۆژنیوز بڵاویكردەوە، شەوی رابردو جارێكیتر فڕۆكەكانی دەوڵەتی توركیا هاووڵاتیانیان لە بادینان كردە ئامانج و بەهۆیەوە شەهید و برینداری لێكەوتەوە.
بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسەكە، لە بۆردومانی شەوی رابردودا، پێشمەرگەیەك بە ناوی "سەعید حەبیب سرانی" خەڵكی گوندی دودی سەربە شارەدێی دینارتەی سەربە ئاكرێ، شەهیدبوە، هاوكات كەسێكی دیكەش بە سەختی بریندارە، كە بە هەمان شێوە پێشمەرگەیە و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشكدایە.
هاووڵاتیانی دەڤەرەكە تا كاتژمێر 4:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشوێن قوربانییەكانی بۆردومانەكەدا گەڕاون و توانیویانە تەرمەكە و بریندارەكەش بدۆزنەوە، هەروەها 9 هاووڵاتی دیكەش، كە بێ سەروشوێن بون، بە هەمان شێوە دۆزرانەوە، كە خۆیان لەنێو ئەشكەوتێكدا حەشاردابو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group